بازرگانی عێراق: نزیکەی ملیۆنێک تۆن گەنم بەبازاڕکراوە

"ئەو هەوڵە رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر سەرکەوتنی وەرزی بەبازاڕکردنی ئەمساڵ دەبێت"
به‌ بازاڕكردنی گه‌نم
به‌ بازاڕكردنی گه‌نم

K24 – هه‌ولێر:

وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، بڕی گەنمی بەبازاڕکراوی جوتیاران بۆ وەرزی ئەمساڵ گەیشتووەتە نزیکەی ملیۆنێک تۆن، کە زۆرترین بڕە گەنم لە پارێزگای واست هاوردەکراوە.

محەمەد حەنون، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی دانەوێڵە رایگەیاند، کۆی بەبازاڕکردن لەمساڵدا گەیشتووەتە 924 هەزار و 656 تۆن، جەختیشی کردەوە، وەرزی بەبازاڕکردن لەمساڵدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و چەندین ئاسانکار بۆ جوتیاران و باخەوانان کراوە تاوەکو بەرهەمی گەنمەکانیان بێ کێشە بەبازاڕ بکەن.

حه‌نون راشیگه‌یاند، بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بە زیادکردنی نرخی کڕینەوەی گەنمی جوتیاران بۆ 850 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک، کاریگەری لەسەر زیادکردنی ئاستی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران هەبووە گووتیشی ئەو هەوڵە رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر سەرکەوتنی وەرزی بەبازاڕکردنی ئەمساڵ دەبێت.