نه‌رویج.. پیاوێكی سووری به چه‌قۆ هێرشی كرده سه‌ر هاوسه‌ره‌كه‌ی
K24 - هه‌ولێر:
پیاوێكی سووری له گوندێكی باشووری رۆژهه‌ڵاتی نه‌رویج، به چه‌قۆ هێرشی كرده سه‌ر هاوسه‌ره‌كه‌ی و به‌هۆی ئه‌و هێرشه‌وه 3 كه‌س بریندار بوون، كه برینی یه‌كێكیان سه‌خته.
به گوێره‌ی راپۆرتێكی ئاژانسی فرانس پرێس، ئه‌مڕۆ هه‌ینی (20ی ئایار/ مایۆی 2022) پیاوێك هێرشی كردووه‌ته سه‌ر هاوسه‌ره‌كه‌ی و به‌هۆیه‌وه هاوسه‌ره‌كه‌ی و 2 كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون.
ئاماژه به‌وه‌ش كراوه، ئه‌و خێزانه خه‌ڵكی سووریا‌ن و له گوندی "نور ئۆگ ئۆفدال" نیشته‌جێن، كه به دۆڵی نومیداڵ ناسراوه و 3 هه‌زار كه‌س له‌و ناوچه‌یه‌دا ده‌ژین.
ئۆد سكای كوسفتیت-ی لێكۆڵه‌ر له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرای كرد، په‌یوه‌ندییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی له نێوان هێرشبه‌ره‌كه و یه‌كێك له برینداره‌كان هه‌یه، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، "ئه‌وان خێزانێكی خه‌ڵكی سووریا‌ن، هێرشبه‌ره‌كه و یه‌كێك له برینداره‌كان، ژن و مێردن".
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه، ژنه‌كه دوای برینداربوونی بۆ چاره‌سه‌ركردن به كۆپته‌رێك بۆ نه‌خۆشخانه گوازراوه‌ته‌وه و برینه‌كه‌شی سه‌خته، به‌ڵام پیاوێكی دیكه‌ش بریندار بووه، به‌ڵام ناسنامه‌كه‌ی ئاشكرا نه‌كراوه و برینه‌كه‌شی سووكه.
سه‌رچاوه میدیاییه‌كانی نه‌رویج ئاماژه‌یان به‌وه كردووه، كه چه‌ند شایه‌تحاڵێك ژنه‌كه‌یان بینیوه خه‌ڵتانی خوێن بووه.
تۆم ریچارد جینسن، به‌رپرسی پۆلیسی ناوچه‌كه بۆ رۆژنامه‌نووسان ئاشكرای كردووه، هێرشبه‌ره‌كه‌ش بریندار بووه، به‌ڵام برینه‌كه‌ی سووك بووه و پێویستی به‌وه نه‌كردووه بۆ نه‌خۆشخانه‌ی بگوازنه‌وه.
هه‌ر چه‌نده پۆلیسی نه‌رویج هیچ زانیارییه‌كی له‌سه‌ر درووستبوونی كێشه‌كه ئاشكرا نه‌كردووه، به‌ڵام به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی كه‌ناڵی "تی ڤی 2"ی نه‌رویجی، تۆمه‌تباره‌كه له مانگی تشرینی دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی رابردوو به تۆمه‌تی توندوتیژی خێزانییه‌وه لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كراوه.
پۆلیسی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، چه‌ند شایه‌تحاڵێك له‌كاتی هێرشه‌كه‌دا هه‌وڵیانداوه توندوتیژییه‌كه بوه‌ستێنن، به‌ر له‌وه‌ی پۆلیس بگاته شوێنی رووداوه‌كه، كه له نزیك وێستگه‌یه‌كی وه‌ستانی بارهه‌ڵگر و قوتابخانه‌یه‌كی ئاماده‌یی روویداوه.
سه‌رچاوه میدیاییه‌كانی نه‌رویجی باسیان له‌وه كردووه، كه چه‌ند شوفێرێك و قوتابییه‌ك توانیویانه هێرشه‌كه بوه‌ستێنن.