ئەردۆگان: وەڵامی ئێمە لەبارەی ئەندامێتی سوید و فینلاند له‌ ناتۆ نەخێرە

"تا ئەو کاتەی ناتۆ رێکخراوێکی ئەمنی بێت، هیچ رێکخراوێکی تیرۆریستی ناتوانێت پەیوەندی بە ناتۆوە بکات"
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا

K24 - هه‌ولێر:

سەرۆک کۆماری تورکیا جارێکی دیکە دژایەتی خۆی بۆ بە ئەندامبوونی سوید و فینلاند لە ناتۆ دووپات كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، ئەو دوو وڵاتە پشتیوانی و میوانداری چەکدارانی پەکەکە و یەپەگە دەکەن.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لەبارەی داواکاری بوون بە ئەندام لە رێکخراوی ناتۆ لەلایەن سوید و فینلاندا، روونیكرده‌وه‌، ئەو دوو وڵاتە پشتیوانی و میوانداری پەكەكە و یەپەگە دەکەن. ئەمانە ئەو وڵاتانەن كە هاندەری سەرچاوە تیرۆریستییەكانن لە تورکیا، پاڵپشتی دارایی جددییان پێشکەش دەکەن و بە پێدانی چەک پشتگیرییان دەکەن.

سه‌رۆک وه‌زیرانی سوید و سه‌رۆک کۆماری فینله‌ندا دوای ئه‌وه‌ی به‌ شێوه‌یه‌کی فه‌رمی داوای ئه‌ندامبوونیان له‌ ناتۆ کرد، سه‌ردانی ئه‌مه‌ریکایان کرد. هەردوو سەرۆک لەلایەن سەرۆکی ئه‌مه‌ریكا و ئەندامانی کۆنگرێسەوە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كان، جۆ بایدن، پشتگیری تەواوی خۆی بۆ ئەندامبوونیان دەربڕی. سەرۆک وەزیرانی سویدیش رایگەیاند، کە ئەمڕۆ بەها هاوبەشەکانیان لە دیموکراسی و ئازادی لە تاقیکردنەوەیەکی جددیدایە.

ماگدێلێنا ئەندەرسۆن، سەرۆک وەزیرانی سوید گوتی: بەها و بیروباوەڕە هاوبەشەکانمان، دیموکراسی و ئازادی، ئێستا تاقی دەکرێنەوە. ئەوەی ئێستا لە ئۆکرانیا روودەدات، تاریکترین رۆژ نییە لە مێژووی ئەوروپادا. ئێمە نوێنەرایەتی فەرمیمان بۆ ناتۆ کردووە سەرەڕای ئەوەی فینلاند دەڵێت رووسیا مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر دراوسێ دیموکراتەکانی.

گوتیشی: جەنابی سەرۆک پشتگیری ئێوە زۆر گرنگە بۆ ئاسایشی وڵاتەکانمان. پێشبینی دەکەین ئەم پرۆسەیە بە زووترین کات لەلایەن وڵاتانی ئەندامەوە پەسەند بکرێت. لە ئێستادا لەگەڵ هەموو وڵاتانی ئەندام لە گفتوگۆداین بە تورکیاشەوە.

بەڵام سەرۆک کۆماری تورکیا دەڵێت دانووستان دەکەن بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانیان بە تەواوی نەپچڕێنن. هیچ گۆڕانکارییەک لە هەڵوێستیاندا نییە. نەک هەر سوید و فینلاند لە نزیکبوونەوەی ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمه‌ریکا ناڕازین. ئەردۆغان داوا لە یەپەگە دەکات، کە وەک بەشێک لە پەکەکە بناسرێت و ناوی رێکخراوێکی تیرۆریستی پێبدرێت.

ئەردۆغان گوتی: ناتۆ دەبێت سەرەتا هەستیار بێت بەرامبەر بە تیرۆر، تا ئەو کاتەی ناتۆ رێکخراوێکی ئەمنی بێت، هیچ رێکخراوێکی تیرۆریستی ناتوانێت پەیوەندی بە ناتۆوە بکات".

گوتیشی: زۆرێک لە وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا لە پەرلەمانەکانیاندا قسەیان لەگەڵ دەکەن. دەرفەتیان رەخساندووه‌، چەک و کەرەستەی سەربازی دابین بكه‌ن. هەموومان دەیبینین. ئەوەی زیانەکانی دەبینێت ئێمەین. ئێمە قبووڵ ناکەین ئەم رێکخراوە تیرۆریستیانە بچنە ناو ناتۆوە.