رووسیا 100 ملیار دۆلار زیانی لە ژێرخانی ئۆکرانیا داوە

K24 - ههولێر:
ئهلیکساندەر کوبراکۆڤ، وەزیری ژێرخانی ئۆکرانیا ئاشکرایکرد، رووسیا نزیکەی 200 ملیار دۆلار زیانی لە ژێرخانی وڵاتەکەی داوە.
کوبراکۆڤ، لە لیدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ رایگهیاند، جەنگ زیانێکی زۆری بە ژێرخانی ئۆکرانیا گەیاندوە، ئاماژهی بهوهش كرد، هیچ کەسێک پێشبینی ئەوەی نەدەکرد لە سەدەی 21دا لە ئەوروپا وڵاتێك دژی وڵاتێکی دیکە بجەنگێت، بەڵام لە ئێستادا ئەم جەنگە هەیە.
گوتیشی: ئابووریناسان، ئەو زیانانەی بەر ژێرخان، کەرتی گواستنەوە و نیشتەجێبوون کەوتوون بە 100 ملیار دۆلار دەخەمڵێنن. شارێکی گەورەی وەک ماریوپۆل و هەندێک لە شارەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، بەتەواوی خاپووربوون. ئەم وێرانکارییەش بەردەوامە. پێش جەنگ زۆر پڕۆژەی تایبەت بە ژێرخانمان دەستپێکردبوو. داوا لە وڵاتانی رۆژئاوا دەکەین، لە رێی ئەو سامانە بلۆكراوانهی رووسیا، لە بنیاتنانەوەی ژێرخانی ئۆکرانیا دوای جەنگ یارهتیمان بدهن.
وەزیری ژێرخانی ئۆکرانیا، لە میانەی بەشداری کردنی لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتی گواستنەوە و گەیاندن، کە لە شاری لایپزیکی ئەڵمانیا ساز کرابوو و تیایدا وەزیرانی گەیاندنی چەندین وڵاتی جیهان بەشدار بوون، باسی لەو زیانانە کرد، کە بەر فڕۆکەخانە، پرد، وێستگەکانی شەمەندەفەر و ژێرخانی گوستنەوە و گەیاندنی ئۆکرانیا کەوتوون، داوای لە وڵاتانی جیهانیش کرد بۆ وەستاندنی ئەم وێرانکارییە، سزای زیاتر بەسەر رووسیادا بسەپێنن و یارمەتی بنیاتنانەوەی ئۆکرانیاش بدەن.