کۆیە کەریمی عەلەکە لەبیر ناکات

لە کۆیە پەردە لەسەر پەیکەری کەریمی عەلەکە لادرا
پەیکەری کەریمی عەلەکە
پەیکەری کەریمی عەلەکە

K24 - کۆیە

لە گەڕەکی ھەرمۆتە لە کۆیە، پەیکەرێک بۆ کەریمی عەلەکە، ئەو پیاوەی بە فریادڕەسی ھەژاران ناوبانگی دەرکردبوو دانرا.

کەریمی عەلەکە، یەکێک بوو لە کەسایەتییە ناودار و چاکەکارانی مەسیحی، پەیکەرەکەی لە بەردەم کەنیسەی مەریمی عەزرا، ئەو گەڕەکە کریستیان نشینەی کۆیە کە دوو سەدە پێشتر باب و باپیرانی لێی ژیاون دانرا.

کەریمی عەلەکە کوڕی بازرگانێکی ناسراوی مەسیحی کۆیە بوو، لە حکومەتەکەی شێخ مەحموددا وەزیری دارایی بووە، بۆ یەکەم جار پولی پۆستەی داھێناوە. یەکێک بووە لەو کەسایەتیانەی بە ھاوکاریکردنی ھەژاران ناوبانگی دەرکردبوو. دوای سلێمانی چووەتە کەرکووک و لەوێشەوە بۆ بەغدا، ساڵی 1948 لە بەغدا کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی کاسۆلیک بەخاکسپێردراوە.

بەگوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان کەریمی عەلەکە، پێش جەنگی جیهانی یەکەم، دەغڵودانێکی زۆری عەمبارکردووە و لە رۆژانی گرانیی و نەبوونیدا بە پارەیەکی کەم بە هەژارانی فرۆشتووەتەوه، کاتێک ئینگلیزەکان شاری سلێمانی-یان بۆردومان کرد، ماڵی ئەوان تاکە ماڵ بوونە شاریان چۆڵ نەکردووە، کە ئینگلیزەکان لێیان پرسی بۆ لێرە نەرؤیشتوون؟ گوتیەتی: ناکرێ مرۆڤ لەخۆشیدا لەگەڵ میللەتەکەی بێت و لە شەڕ و ناخۆشیدا بە جێیان بێڵێت.

عەبدولکەریم ئەلیاس، لەبەر رێز و خۆشەویستی ناوی باوکیان گۆڕیوە بە (ئەلەکە) و بەمجۆرە بووەتە کەریمی عەلەکە، پیاوێکی دڵ و دەروون پاک و لە خواترس بووە، باوکی بازرگانێکی ناودار و خۆشی کەسایەتیەکی چاکەخواز بووە.