تورکیا سنووری چەمچەماڵ بۆردومان دەکات

فڕۆکەکانی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی پەکەکەیان کردە ئامانج
شوێنی بۆردومانەکە
شوێنی بۆردومانەکە

K24 - سلێمانی

دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی تورکیا لە گوندێكی نزیك چەمچەماڵ بۆردومانی ئۆتۆمبێلێكیان ‏كردووە، چەند کەسێک لەناو ئۆتۆمبێلەکە گیانیان لەدەستداوە و ئاگر لە پووش و پاوانی ناوچەكەش كەوتووەتەوە.

هێمن بەهجەت، بەڕێوەبەری ناحیەی ئاخجەلەر بە کوردستان24ی راگەیاند:  "فڕۆکەکان لە گوندی تووتەقەڵ لە بناری خاڵ خاڵان، ئۆتۆمبێلێکیان کردووەتە ئامانج، پێنج سەرنشینی تێدا بووە و هەرپێنجیان گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەک کەسی دیکەش برینداربوونە".

گوتیشی: "هێزە ئەمنییەكان و هێزی بەرگریی شارستانی رەوانەی شوێنی رووداوەکە کراون، بەڵام بەهۆی ئەوەی تا ‏ئێستا فڕۆكەكان بە ئاسمانی ناوچەكەدا دەسوڕێنەوە، ناتوانن بچنە شوێنی رووداوەكە".

ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەو پێنج کەسەی کوژراون رەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی دەکرێن، بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی بە دەست ئێمە گەیشتووە دوو لە کوژراوان خەڵکی ناوچەکەن، بەڵام ئەوانی دیکە تەرمەکانیان سوتاوە و ناسنامەیان دیار نییە".

بەڕێوەبەری ناحیەی ئاخجەلەر، ئەوەشی خستەڕوو: "گومان دەکرێت کە هێزەکانی پەکەکە لە ناوچەکەدا هەبن، بەڵام بە فەرنی هیچ زانیارییەکمان نییە".

راشیگەیاند: "نازانرێت فڕۆکەکاکن هی لایەن و کام وڵاتن، بۆیە بە هێزەکانمان گوتووە کە نەڕۆنە شوێنی رووداوەکە".

بەگوێرەی زانیاری پەیامنێرمان، دوو لەو کەسانەی بەر بۆردومانەکە کەوتون، بە ناوەکانی: ئارام كاكە خان خەڵكی گوندی تووتەقەڵ سەر بە شارەدێی ئاخجەلەر، خێزاندارەو كاسبە، هەروەها ئیسماعیل ئیبراهیم خەڵكی گوندی سەرچنار سەر بە شارەدێی ئاخجەلەر خێزاندارە و كاسبە.

باسی لەوەشکرد: "ساڵی 2016 فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان ناوچەکەی بۆردومان کرد، بەڵام خۆشبەختانە ئەو کات زیانی گیانی نەبوو".

مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووش لە سنووری قەزای چەمچەماڵ، فڕۆکەکانی سوپای تورکیا بۆردومانی گوندی سەیدای خوارویان کرد و ژمارەیەک چەکداری  په‌كه‌كه‌کرانە ئامانج.