ھێرشکرایە سەر بنکەیەکی سەربازی تورکیا

کوژراو و بریندار هەن
ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - دهۆک

درەنگانی شەوی رابردوو، بە درۆن ھێرشکرایە سەر سەربازگەی زێلکانی ھێزەکانی تورکیا و کوژرا و بریندار ھەیە.

سەردار شێخ یەحیا، قایمقامی قەزای شێخان بە کوردستان24ی راگەیاند: "شەوی رابردوو بەهۆی هێرشکردنە سەر سەربازگەی زێلکان، کەسێکی کورد کوژراوە و دەگوترێت چەند کەسێکی دیکە بریندارن".

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، ئەو کەسەی لە هێرشەکەدا کوژراوە ناوی (خالید عەبدولرەحمان یوسف)ـە تەمەنی 22 ساڵە و خەڵکی کەلەکچی یە و سەر بە ھێزی پاسەوانی نیشتمانی عێراق بووە و لە چێشتخانەی سەربازگەکە کاریکردووە.

پەیامنێرمان روونیکردەوە، ئەو ھێزەی پاسەوانی نیشتمانی عێراق لەناو سەربازگەی زێلکانی ھێزەکانی تورکیا شوێنێکیان بەدەستەوەیە و ئەرکی پاراستی یەکێک لە دەرگای سەربازگەکە لە ئەستۆی ئەوان دایە.

دوای هێرشەکە، "میلیشیاکانی ئەحرار سنجار" کە سەر بە حەشدی شەعبین، رایگەیاند، ئەوان هێرشەکەیان بە رێگەی دوو درۆن ئەنجامداوە، زیانێکی زۆریان لە سوپای تورکیا داوە.

 ئاماژەی بەوەشکردووە، بەردەوام دەبن لە هێرشەکانیان دژی "ئەو هێزانەی خاکی عێراقیان داگیرکردووە".