یۆنان یه‌كه‌م گومانلێكراوی تووشبووی "ئاوڵه‌ی مه‌یموون" ئاشكراده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
ده‌سته‌ی ته‌ندروستی گشتی له یۆنان رایگه‌یاند، یه‌كه‌م تووشبووی گومانلێكراوی ئاوڵه‌ی مه‌یموون "ڤایرۆسی مه‌یموون" له وڵاته‌كه‌یان تۆماركراوه، كه گه‌شتیارێكی به‌ریتانییه.
ده‌سته‌ی ته‌ندروستی گشتی له یۆنان له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرای كرد، هاووڵاتییه‌كی ئینگلیزی له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی به‌هۆی ئه‌وه‌ی گومانی لێكراوه تووشی ئاوڵه‌ی مه‌یموون بووبێت، بۆ نه‌خۆشخانه گوازراوه‌ته‌وه و له ژوورێكدا به ته‌نیا دانراوه.
ئاژانسی فراس پرێس بڵاوی كرده‌وه، ته‌ندروستی یۆنان كاری له‌سه‌ر حاڵه‌ته‌كه كردووه و بڕیاره رۆژی دووشه‌ممه ئه‌نجامی پشكنینی تاقیگه‌یی ده‌ربچێت، كه ئایا ئه‌و حاڵه‌ته‌ی تۆماركراوه، په‌یوه‌ندی له ئاوڵه‌ی مه‌یموون هه‌یه، یان ئه‌نجامێكی دیكه‌ی ده‌بێت.
ئاماژه به‌وه‌ش كراوه، ژماره‌یه‌ك حاڵه‌تی پشتڕاستكراو به ئاوڵه‌ی مه‌یموون له وڵاتانی رۆژئاوایی تۆماركراوه، وه‌ك فه‌ره‌نسا، ئه‌ڵمانیا، به‌ریتانیا، ئه‌مه‌ریكا، ئیسپانیا، كه‌نه‌دا و سوید.
ئاوڵه‌ی مه‌یموون نه‌خۆشییه‌كی ده‌گمه‌نه و سه‌رچاوه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی نه‌خۆشییه‌كه له ئه‌فریقیاوه ده‌ركه‌وتووه، به‌گشتی نیشانه‌كانی تا و ئازاری ماسولكه و ئه‌ستووربوونی غوده لیمفاوییه‌كان و قڵیشانی پێسته له‌سه‌ر ده‌ست و ده‌موچاوه.
رۆژی هه‌ینی رابردوو، رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی رایگه‌یاندبوو، زۆربه‌ی تووشبووه نوێیه‌كانی ئه‌و نه‌خۆشییه له وڵاتانی رۆژئاوا له چه‌ند پیاوێكی هاوڕه‌گه‌زباز تۆماركراون، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ن، كه ره‌نگه ئه‌و ڤایرۆسه به تایبه‌ت له‌نێوان هاوڕه‌گه‌زبازان ته‌شه‌نه‌بكات.