ئازاد جندیانی: دەبێ بابەتی رێکخستنەوەی ناوماڵی کورد لە پڕوپاگەندەی حزبی دەرباز بکەین

"دیموکراسی ئێمە پەرتەوازە دەکات"
ئازاد جندیانی، سیاسەتمەدار
ئازاد جندیانی، سیاسەتمەدار

K24 - هەولێر

ئازاد جندیانی، سیاسەتمەدار رایدەگەیەنێت، پرۆسەی دیموکراسی لایەنەکانی هەرێمی کوردستان پەرتەوازە دەکات و دوای هەموو هەڵبژاردنێک دۆخەکە خراپتر دەبێت. ئاماژە بەوەش دەکات: دەبێ بابەتی رێکخستنەوەی ناوماڵی کورد لە پڕوپاگەندەی حزبی دەرباز بکەین و پێناسەی بکەین.

ئازاد جندیانی، سیاسەتمەدار لە میانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 لەبارەی یەکخستنەوەی ناوماڵی کورد، رایگەیاند: "خەڵک پێناسەیەکی دەوێت لەبارەی ناو ماڵی کورد، ئەی ئێمە پێشتر نەمانگوتووە پەرلەمان و حکومەتمان هەیە بە رێککەوتن ئەمە ماڵی کوردە؟ ئێمە حکومەتمان هەیە بە رێککەوتنی لایەنە سەرەکییەکان ئەی ئەمە یەکخستنەوە نییە، ئەگەر ئەوە یەکخستنەوە نییە پێویستە ئێستا پێناسەی دیکە بۆ یەکخستنەوە بکەین و بلێین مەبەستمان چییە، لەوەتەی هەین دەڵێین ناوماڵی کورد، بەڵام پێناسەمان بۆی نییە، بۆ ئەوەی بابەتەکە لە پڕوپاگەندەی حزبی دەرباز بکەین دەبێ پێناسەی بکەین، بە حزبەکان بڵێن کە باسی ماڵی کورد و یەکخستنەوەی دەکەن مەبەستیان چییە".

گوتیشی: "ئێستا دەستپێشخەریەکی پارتی دیموکراتی کوردستان هەیە، لە راستیدا هەموو دەستپێشخەریەک بەو ئاراستەیە کارێکی باشە، بەڵام لەوە گرنگتر دەبێ پێداویستییەکانی سەرخستنی دەستپێشخەریەکە دەستەبەر بکەین، پرسیار ئەوەیە سەرکەوتنی تەنها لە ئەستۆی پارتییە؟، نەخێر ئەمە ئەرکی هەموو لایەکە، بەڵام هی هەندێکیان زیاترە، ئەوەی گرنگە پێداویستییەکان سەرکەوتن بۆ ئەو دەستپێشخەریە دەستەبەر بکەین، دەبێ پێش هەموو شتێک بزانین کێشەکانی نێوانمان چین؟ وەک کورد و سیستمی هەرێمی هەرێمی کوردستان خۆمان بە دیموکرات دەزانین، لە راستیدا وەک خۆم زۆر باوەڕم بە دیموکراسی نییە، چونکە پێموایە دیموکراسی ئێمە پەرتەوازە دەکات، هەموو پرۆسەیەکی هەڵبژاردن ئێمە هەلا هەلاتر دەکات بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشووتر، هەرچەندە لە گەمەی سیاسیدا گۆڕانکاری هەیە هەنگاو چوونە پێشەوە و یان گەڕانەوە هەیە، بەڵام کاتی ئەوە هاتووە چیتر خەڵک بەوە تووشی سەرئێشە نەکەین".

ئازاد جندیانی، ئاماژەی بەوەشدا: "ئێستا لە دەرەوەی پارتیش دەگوترێت، ئەمە پارتییە و دەبێ دەستپێشخەری بکات و بارودۆخەکە بگۆڕێت، بەڵام کەسێک پێمان ناڵێت یەکخستن چییە؟ ئایا دابەشکردنی دەستکەوتەکانە، یان بەشداریکردنە لە بڕیاری سیاسی؟ ئێمە پەرلەمانمان هەیە بەپێی پەرلەمان بڕیاری سیاسی دەدرێت، حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێمان هەیە لەوێ بڕیارەکان دەدرێت، کاتێک حزبێک دەڵێ: من فەوتاوم و حزبەکەی تر بەشداریم پێناکات، بەراستی بە خەڵک بڵێن بەشداریکردن مانای چییە؟ کاتی ئەوە هاتووە بە راشکاوی قسە بکەن، چونکە هەندێک جار حزب لەسەر هەندێک بابەت خۆیان بە مەغدور دەزانن کە لە راستیدا ئیشی حزبەکان نییە، بەڵکو ئیشی حکومەت و پەرلەمانە، بۆ نموونە لەسەر بودجە و پارە، حزبەکان کە نوێنەریان هەیە لە حکومەت لەوێ با گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتانە بکەن، لە هەرێمی کوردستان دامەزراوەکان هاوبەشن وەک سەرۆکایەتی حکومەت، پەرلەمان، سەرۆکایەتی هەرێم، دەسەڵاتی دادوەری، ئەی چیتر بکرێت، بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان چیتر نەبنە قوربانی و هەموو کات لایەنێک بێت خۆی وا پیشان بدات کە زۆر زوڵم لێکراوە، بەڵام پێمان ناڵێن چۆن زوڵمی لێدەکرێت، دەبێ پێداچوونەوە بەو بابەتانەدا بکرێت و بە راشکاوی قسەی لەسەر بکرێت، من هانی پارتی دەدەم وەک هێزی یەکەم لە کوردستان و پێگەی سەرۆک بارزانی پێویستە هەمیشە دەستپێشخەری بکات، لەکاتێکدا ئەگەر لە رووی گوتارەوە بە زیانیش بۆی بشکێتەوە هەر بیکات، بۆ ئەوەی خەڵکی دیکە قەرزدار بێتەوە نەک پارتی".

لەبارەی گوتەکانی جێنین هێنس پلاسخارت، نێرده‌ی تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی، ئازاد جندیانی گوتی: "لە راستیدا من هەمیشە تێبینئم لەسەر دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان هەیە کە لە عێراقن، UN و ئەنجومەنی ئاسایش دابڕاونین لە بەرژەوەندی هەندێک وڵاتی زلهێز، بەدەرنین لە تێڕوانینی هەندێک وڵاتی گەورە بۆ بابەتە ناوچەیی و جیهانییەکان، بەڵام وێنای قسەکانی وابوو کە پشتیوانی لە ئێمە دەکات وەک هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی هانمان بدات کە لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بکەین و لەسەر هەندێک بابەت رێکبکەوین، کاتێک دەتوانین بڵێن قسەکردن لە ئەنجومەنی ئاسایش لە قازانجی ئێمەیە کە لەو ماوە دیاریکراوەدا نەبێت کە نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەچێتە ئەنجومەنی ئاسایش قسە دەکات، بۆ ئەوەی بڕیار بدەن ئەرکی ئەوان بەردەوام بێت یان نا، دەکرێ لە کاتی دیکەدا قسە بکات و بزانین، چونکە وادەردەکەوێت بۆ مانەوەی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بێت لە عێراق".

ئازاد جندیانی، لەبارەی بڕیارەکانی ئەم دوایەی بەغدا دژی هەرێمی کوردستان ئەوەی خستەڕوو: "تێزێک هەیە کە هی برێت ماگۆرک بوو لەکاتی ریفراندۆم هێنایە پێش، من لەگەڵ ئەو تێزە نیم، بۆ ئێمە قبوڵکردنی ناچاری بوو ئەمری واقیع بوو، هەر کاتێک عێراق بەهێز بووبێت ئێمە بێهێزبووینە، هەموو هێرشەکانی بەغدا بۆ سەر کوردستان لەو کاتە بووە کە ئەوان بەهێزبوونە، من وەک سیاسییەک قسە ناکەم، چونکە لە سەرکردایەتی حزبەکان نیم، بەڵام بە بڕوای من کورد بە سەرکردایەتی حزبەکانییەوە تا بتوانێت بەغدا بێهێز بکات، بۆ ئەوەی ئێمە بەهێز بین، چونکە کاتێک بەغدا بەهێز بێت هێرش دەکاتە سەر کوردستان، مەرج نییە هێرشی سەربازیی بێت، وەک هێرشەکەی عەبادی و حەشدی شەعبی و سەردەمانی پێشتر. ئەم بڕیارانەی ئەم دوایەی بەغدا پێموایە ئەو جەنگەیە کە درێژەی پێدەدەن، بە بڕوای من دەبێ نابێ تەسلیم بین".