شه‌پۆلێكی چڕی خۆڵبارین هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێته‌وه‌

كه‌شناسی هۆشداری ده‌دات
سنووری پارێزگای سلێمانی، فۆتۆ: هەرێم جاف.. ئه‌رشیڤ
سنووری پارێزگای سلێمانی، فۆتۆ: هەرێم جاف.. ئه‌رشیڤ

K24 - هه‌ولێر:

به‌شی پێشبینی كه‌شناسی له‌ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن-ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرای كرد، لەئەنجامی کاریگەری دروستبوونى ناسەقامگیریەك لەسەر بەشێك لە ناوچەکانى باشوورى رۆژئاواى عێراق، پێشبینی دەکرێت شەپۆلێکی تۆز و خۆل زۆربەی ناوچەکانی عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە بگرێتەوە.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌، کاریگەرى ئەم خۆڵ بارینە لە سبەى دووشەممە (23ی ئایار/ مایۆی 2022) لەسەر ناوچەکانی هه‌رێمی كوردستان چڕ دەبێتەوە و ئاستى خۆڵ بارین لەناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکى دیكه‌ جیاواز دەبێت، لەگەڵ بەرزبوونەوەى تۆز و خۆڵ، خێراى با زیاد دەکات.

كه‌شناسی راشیگه‌یاند، لە کاتى زیادبوونى خێراى با، پێشبینى دەکرێت ئاستى خۆڵبارین گۆڕانکارى بەسەر بێت لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکى دیكه‌، واتە هەندێ ناوچە تۆزوخۆڵى زیاتر دەبێت لەچاو ناوچەیەکى دیكه‌.

روونشیكرده‌وه‌، له‌ سنوورى پارێزگاى دهۆک ئاستى خۆڵ بارینى کەمتر دەبێت، بە بەراوورد بە ناوچەکانى دیكه‌، رۆژى سێشەممەش کاریگەرى خۆڵبارین بە ئاستى کەمتر لەسەر ناوچەکەمان بەردەوامى دەبێت، رۆژى چوارشەممە کاریگەرى ئەم خۆڵبارینە لە ناوچەکە کۆتایى دێت.