نێیمار پاریسی جێهێشت و جانتایه‌كانی به‌ره‌و بارسێلۆنا پێچایه‌وه

به گوێره‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی راگه‌یاندنی فه‌ره‌نسا، یانه‌ی پاریس سانجێرمان ده‌یه‌وێت ده‌ستبه‌رداری نێیمار بێت، ئێستا ئه‌و یاریزانه به‌خۆی 4 جانتاوه گه‌یشتووه‌ته بارسێلۆنا.
دوای كۆتایی هاتنی یارییه‌كانی وه‌رزی ئه‌مساڵی خولی فه‌ره‌نسا، نێیمار دا سیلڤا پاریسی جێهێشت و به گوێره‌ی میدیایه‌كی ئیسپانیا له پێناو دوو مه‌به‌ست گه‌ڕاوه‌ته‌وه بارسێلۆنا، مه‌به‌ستی یه‌كه‌می بۆ وه‌رگرتنی پشوو، مه‌به‌ستی دووه‌م بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌یه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه بارسێلۆنا و له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی چاڤی هێرناندێز یاری بكات.
پێگه‌ی سپۆرتی كه‌ته‌لۆنیا له راپۆرته هه‌واڵێكدا نووسیویه‌تی: پاریس نێیماری پێشكه‌شی بارسێلۆنا كردووه، ئه‌گه‌رچی هێشتا 3 ساڵی تر له گرێبه‌سته‌كه‌ی ماوه.
به‌گوێره‌ی هه‌مان سه‌رچاوه، هه‌ر یانه‌یه‌ك بیه‌وێت نێیمار بگوازێته‌وه ده‌بێت مووچه‌ی ساڵانه‌ی 30 ملیۆن یۆرۆ بدات، ئه‌مه‌ش كاری گه‌ڕانه‌وه‌ی نێیمار بۆ بارسێلۆنا قورس ده‌كات، چونكه یانه كه‌ته‌لۆنیاییه‌كه ئاماده‌نییه له‌وكاته‌دا ئه‌و مووچه گه‌وره‌یه بدات.
نێیمار دا سیلڤای 30 ساڵ، له یانه‌ی سانتۆسی به‌ڕازیلی پێگه‌یشتووه، له 2013 روویكرده بارسێلۆنا، له‌گه‌ڵ یانه كه‌ته‌لۆنییه‌كه له كۆی 186 یاری، 105 گۆڵ و 76 ئاسیستی كرد، دواتر له 2017 گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ بارسێلۆنا هه‌ڵوه‌شانده‌وه و به 222 ملیۆن یۆرۆ په‌یوه‌ندی به پاریس سانجێرمان كرد، له‌گه‌ڵ ئه‌و یانه‌یه له كۆی 144 یاری، 100 گۆڵ و 60 ئاسیستی كردووه، به‌ڵام له خه‌ونی گه‌یشتن به خه‌ڵاتی تۆپی زێرین و چامپیۆنزلیگ شكستی هێنا.
