تەندروستی چەند رێنمایی و زانیارییەک لەبارەی خۆڵبارین بڵاودەکاتەوە

پێویستە لەکاتی خۆڵبارین و تۆز و خۆڵ چی بکەین؟
خۆلبارین - هەولێر
خۆلبارین - هەولێر

K24 – هەولێر

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەند رێنماییەک بۆ خۆپاراستن لە خۆڵبارین بڵاودەکاتەوە و کاریگەرییە نەرێنییەکانی خۆلبارینیش دەخاتەڕوو.

دەقی رێنمایی و زانیارییەکان:.

کاریگەریەکان:

-دەبێتە هۆی هەستیاری حەساسییەت و  پێڵووی چاوەکان سوور دەبنەوە و تووشی خوران دەبێت.

-هەستیاری لوت و بەتایبەت تر ناوپۆشی لوت سوور دەبێتەوە تووشی هەوکردن دەبێتەوە، بەمەش گیرانی لوت دروست دەبێت و کەسەکە تووشی تەنگەنەفەسی دەبێت.

-فشاری خوێن و خوێن بەربوون و هەوکردنی گوێچکەی ناوەڕاست زۆر جار دەرئەنجامی ئەم خۆڵبارینەیە و کاریگەری دروست دەکات لەسەر ئەو کەسە.

-ئەو کەسانەی تەنگە نەفەسن و رەبۆیان هەیە لەگەڵ ئەم خۆڵبارینە حاڵەت و نیشانەکانیان زیاد دەکات.

-زۆر جار دەبێتەهۆی خورانی پێست و سوربوونەوە و نەخۆشی ئێکزیما.

-کاریگەری لەسەر کۆئەندامی هەناسەدان و سییەکان دروست دەکات و بەمەش کەسەکە تووشی کۆکە و پژمین و  ناڕەحەتی زۆر دەبێت، چونکە ئەو دەنکۆڵانە هەڵگری میکرۆب و بەکتریان.

پێویستە هاووڵاتییان لەکاتی خۆڵبارین ئەم رێنماییانەی خوارەوە پەیڕەو بکەن:.

 -داخستنی دەرگا و پەنجەرە و پاککردنەوەی شوێنی خۆڵبارین بە تایبەت بۆ ئەو کەسانەی لە ماڵەوەن.

- لە کاتی چونە دەرەوە دەمامک ببەسترێ و ڕوو پۆشی خۆت و شوێنی مانەوە بکەی بەبەردەوامی.

- دەرگا و پەنجەرە دابخە  ئەگەر بۆ حاڵەتی  زۆر پێویست نەبێت مەچۆ دەرەوە.

- زۆر خواردنەوەی شلەمەنی بەتایبەت لەکاتی شۆفێری و چونە دەرەوە هەوڵبدرێت هەوای ناو ئۆتۆمبێل بکرێتەوە.

- خواردنی میوە و سەوزە بەبەردەوامی.

-تێکەڵ نەبوونی هاوڵاتیان و مامەڵە نەکردنیان لەگەڵ سەگ و پشیلە کە لە ئێستادا لەلایەن هاووڵاتیانەوە گرنگی زۆری پێدەدرێت، چونکە ئەو تۆز و خۆڵە لەگەڵ فەرووی ئاژەڵەکان کێشە دروست دەکات.

-لە کاتی بوونی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو هاوڵاتیان دەتوانن پەیوەندی بە هێڵی گەرمی ژمارە 122 بکەن.