گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دەستیپێکردەوە

K24 – هەولێر
دوای دوو کاتژمێر لە راگرتنی گەشتەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بەهۆی خۆڵبارین، گەشتەکان دەستیپێکردەوە.
ئەحمەد هوشیار، بەرێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر بە كوردستان24ی راگەیاند: "دوای دوو کاتژمێر لە راگرتنی گەشتەكان ئێستا فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر دەستی بە گەشتەكان كردەوە".
سەر لە بەیانی ئەمڕۆ شەپۆلێکی چڕی خۆڵبارین، هەرێمی کوردستان و عێراقی گرتەوە، بەو هۆیەوە زۆربەی فڕۆکەخانەکان گەشتەکانیان راگرت، بەهۆی مەترسی خۆڵبارینەکەش چەندین رێنمایی تەندروستی لەلایەن دامەزراوە فەرمییەکان بڵاوکرانەوە.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان و دەستەی کەشناسی عێراق، لەکاتەکانی ئێوارەی ئەمڕۆدا کاریگەرییەکانی شەپۆلی کەشناسی لەسەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق کەمدەبێتەوە.