رێز لە 60 ساڵ خزمەتی جەھانبەخش غەفووری ناسراو بە "مامۆستا بەخشە" نرا

بەیەكێك لە سیاچەمانەبێژە خاوەن تایبەتمەندییەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان دەناسرێت
جەھانبەخش غەفووری
جەھانبەخش غەفووری

K24 – هەولێر

لە شاری جوانڕۆی رۆژھەڵاتی كوردستان رێز لە سیاچەمانە بێژێكی دیاری ھەورامان گیرا، جەھانبەخش غەفووری ناسراو بە مامۆستا بەخشە زیاتر لە 60 ساڵە سیاچەمانە دەچرێت و یەكێك لە دیارترین ھونەرمەندەكانی ھەورامان و رۆژھەڵاتی كوردستانە.

جەھانبەخش غەفووری، بە یەكێك لە ناودارترین ھونەرمەندانی ناوچەی ھەورامان و رۆژھەڵاتی كوردستان دەناسرێت. ھونەرمەند و خەڵكێكی زۆری ناوچەكە لەو رێورەسمەدا بەشداربوون و رێزیان لە تەمەنێك خەباتی ھونەرمەندی جەھانبەخش غەفووری گرت.

رێورەسمەكە لەلایەن ئەنجومەنی ئەدەبی مەولەوی بە ھاوكاری بەڕێوەبەری كولتووری و قایمقامی جوانڕۆ بەرێوەچوو، دەیان سیاچەمانەبێژ و لە ھەمووان ناودارتر عوسمان ھەورامیش لەو رێورەسمەدا بەشداربوو، پێشوازی خەڵكەكە بەشێوەیەك بوو كە تەنانەت مامۆستا بەخشەش چاوەروانی نەدەكرد، ھەر بۆیە فرمێسكی خۆشی بۆ لایەنگرەكانی ھەڵڕشت.

مامۆستا بەخشە تەمەنی 85 ساڵە و60 ساڵی تەمەنی گۆرانی سیاچەمانەی گوتووە، خاوەنی نزیكەی 10 ئاڵبووم و دەیان گۆرانی و كلیپی گۆرانی سیاچەمانەیە.