یه‌كه‌مجاره‌ سەرمایەدارانی رووسیا بەشداری داڤۆس ناکەن

دوای رووخانی یەکێتی سۆڤیەت یه‌كه‌مجاره‌ سەرمایەدارانی رووسیا له‌ كۆڕبه‌ندی داڤۆس بێبه‌ش ده‌بن
زیلێنسكی به‌شداری له‌ كۆڕبه‌ندی ئابووری جیهانی "داڤۆس" ده‌كات
زیلێنسكی به‌شداری له‌ كۆڕبه‌ندی ئابووری جیهانی "داڤۆس" ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:

بۆ یەکەم جار سەرمایەدار و سەرکردە بەهێزەکانی جیهان ناچار نین سەختی سەرمای داڤۆس بچێژن، بەڵام جیاواز لە ساڵانی رابردوو بە رووێکی ساردەوە مامەڵە لەگەڵ رووسیا دەکەن، کە ساڵانە سەرمایەدارەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو لەو کۆڕبەندانە بەشداریان دەکرد.

دوای دوو ساڵ جارێکی دیکە سەرانی جیهان لە زستانە هەواری داڤۆس لە دامێنی چیاکانی ئەلب کۆدەبنەوە، کە ئەم کۆبوونەوەیش دواخرابوو، لە کاتێکدا بڕیاربوو لە کۆتاییەکانی مانگی کانوونی دووەم کۆببنەوە، بەڵام ئەمجارە کۆبوونەوەی داڤۆس لە کاتێک بەڕێوەدەچێت، کە رووسیا هێرشی کردووەتە سەر ئۆکرانیا، بەهۆی لەشکرکێشییەکە، رووسەکانی بێبەش کردووە لە کۆڕبەندی داڤۆس.

پێشبینی دەکرێت لە کۆڕبەندی ئەمساڵ بەشێک لە بەرپرسانی ئۆکرانیا ئامادەبن بۆ ئەوەی سۆزی جیهانی بۆخۆیان رابکێشن، کە سێ مانگە لەسەر یەک لە ژێر هێرشەکانی رووسیان، بڕیارە لە کۆڕبەندە "ڤۆلۆدیمێر زیلێنسکی" سەرۆکی ئۆکرانیا لە رێگەی ڤیدیۆوە گوتارێک پێشکەش بکات.

بەڵام ئەوەی سەرنجی میدیاکانی راکێشاوە ئەوەیە، کە یەکەمجارە لە دوای رووخانی یەکێتی سۆڤیەت، یەک بەرپرس یان تەنانەت سەرمایەدارێکی رووسی لە کۆڕبەندەکە ئامادەییان نییە. تەنانەت چێشتخانەی رووسیا هاوسیش کە بە پێشکەشکردنی ڤۆدگا لە چالاکییەکان بە ناوبانگە بەشداری نەکردووە.

جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا و سەپاندنی سزاکان بەسەر مۆسکۆ سیاسەتمەدارە ئۆلیگارشییەکان و کۆمپانیا گەورەکانی لەو رووداوە جیهانییە بێ بەشکردووە، بەشێکی زۆر لە کۆمپانیا بیانییەکان رووسیایان جێهێشتووە، تەنانەت بازرگانی و وەبەرهێنانی ئەوروپی و ئەمه‌ریکییەکان لە رووسیا نەماوە.

لە لایەکی دیکەوە ملیاردێرە رووسەکانی سزایان بەسەردا سەپێندراوە، لە هەر کونجێکی جیهان بەدوای پەناگەیەکدا دەگەڕێن، یەختە گرانبەهاکانی لەو بەندەر بۆ ئەو بەندەرە دەگوازنەوە بۆ ئەوەی یاساکانی سزادانیان بەسەردا جێبەجێ نەکرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە دوایی کۆڕبەندی داڤۆس لە ساڵی 2020 سەرمایەدار و خاوەنکارانی رووسیا لە ریزبەندی سێیەمدا بوون لە رووی ژمارەی ملیاردێرەکانەوە، بەڵام داهاتوویان لە کۆڕبەندی داڤۆس بەهۆی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا نەما، بە تایبەت دوای ئەوەی کلاوس شواب لە دەستپێکی جەنگەکە ئیدانەی هەوڵەکانی مۆسکۆی کرد و رایگەیاند، ئەوەی رووسیا لە ئۆکرانیا ئەنجامی دەدات دوژمنکارانەیە و کارەساتبارە.