پسپۆڕێکی WHO: رەنگە سێکسی بەکۆمەڵی هاوڕەگەزبازان هۆکاری بڵاوبوونەوەی ئاوڵەی مەیموون بێت
K24 - سلێمانی:
پسپۆڕێکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت، ڕەنگە "سێکسی بەکۆمەڵی هاوڕەگەزبازان" لە پشت بڵاوبوونەوەی ئاوڵەی مەیموونەوە بێت لە ئەوروپا.
دەیڤید هەیمەن، سەرۆکی پێشتری بەشی فریاکەوتن لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بە ئاژانسی ئەسۆشیەتدپرێسی ئەمەریکی ڕاگەیاندووە، هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئاوڵەی مەیموون لە ئەوروپا، بە ئەگەری زۆرەوە دەگەڕێتەوە بۆ پەیوەندی سێکسی لەنێوان هاوڕەگەزبازن لە دوو ئاهەنگی بە کۆمەڵ لە ئیسپانیا و بەلجیکا.
دکتۆر هەیمەن دەڵێت، هەموومان دەزانین ئاوڵەی مەیموون کاتێک دەگوازرێتەوە کە پەیوەندی نزیک و بەهێز لەنێوان تووشبووەکاندا هەبێت، وادەردەکەوێت کە پەیوەندی سێکسی دەبێتە هۆی خێراترکردنی ئەو بڵاوبوونەوەیە.
دەشڵێت، بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە لە حاڵەتی ستاندارد دەرچووە، کە بەشێوەیەکی ئاسایی لە ناوەڕاست و رۆژئاوای ئەفریقیادا بڵاوە، بەهۆی ئەوەی خەڵک بەرکەوتنی زۆریان لەگەڵ ئاژەڵەکاندا هەیە.
ئاوڵەی مەیمون نەخۆشییەکی هاوبەشە لەنێوان مرۆڤ و ئاژەڵ، یەکەم حاڵەتی لە ساڵی 1950 لە تاقیگەیەکی مەیموون لە دانیمارک تۆمارکراوە، پاشان لە ساڵی 1970 یەکەم حاڵەتی لە مرۆڤ لە کۆنگۆ لە ئەریقیا تۆمارکراوە.
نەخۆشییەکە لەڕێگەی پەیوەندی بەهێز وەک سێکس و برین و خوێن و لیکەوە دەگوازرێتەوە هەندێک جاریش لەڕێگەی هەناسەدانەوە.
نیشانەکانی نەخۆشییەکە بریتین لە (لەرز و تا، هەستکردن بە ماندبوون و ئازاری ماسولکەکان، ئاوسانی گرێ لیمفاوییەکان، دەرکەوتنی زیپکەی توێکڵدار لەسەر دەست و دەموچاو و دواتر بڵاوبوونەوەی بەهەموو لەشدا).
رێكخراوی تهندروستی جیهانی رایگهیاندووە، تێستا ئاوڵهی مهیمون بە 19 وڵاتدا بڵاوبووهتهوه و 131 حاڵهتی پشتڕاستكراو تۆماركراوه و 106 حاڵهتی گومانلێكراویش ههیه.