ده‌زگاى رۆشنبیری و راگه‌یاندنى پارتی هێرشه مووشه‌كییه‌كه‌ی په‌كه‌كه بۆ سه‌ر په‌خشی میدیاكانی له‌زاخۆ ریسوا ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
له راگه‌یه‌ندراوێكدا، ده‌زگاى رۆشنبیری و راگه‌یاندنىپارتی دیموكراتی كوردستان هێرشه مووشه‌كییه‌كه‌ی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆی چه‌كدارانی په‌كه‌كه بۆ سه‌ر وێستگه‌ی تاوه‌ری په‌خشی ژماره‌یه‌ك رادیۆ و كه‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنی له سنووری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ به توندی ریسوا و شه‌رمه‌زار ده‌كات و جه‌ختیكرده‌وه، به ئامانجگرتنی میدیاكانمان جگه له ترس و تۆقینی په‌كه‌كه له ده‌نگی دلێر و بوێر و راستبێژی راگه‌یاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، هیچ مانایه‌كی دیكه ناگه‌یەنێت.
هه‌روه‌ها دووپاتیكرده‌وه، هه‌وڵی نه‌زۆكی چه‌كدارانی په‌كه‌كه بۆ كپكردنی ده‌نگی حه‌قبێژان و ده‌نگی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی میدیاکار و راگەیاندنەکانی پارتی، بۆ په‌رده پۆشكردنی كارە نایاسایی و داگیركارییه‌كانیانه له هه‌رێمی كوردستان.
ده‌قی راگه‌یه‌ندراوی ده‌زگاى رۆشنبیری و راگه‌یاندنى پارتی:
راگەیاندراوێك لە ده‌زگای رۆشنبیر و راگه‌یاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە
پاشنیوەڕۆی ئه‌مڕۆ چەکدارانی پەکەکە لە رێگه‌ی مووشەکەوە ھێرشێکی ترسنۆکانەیان کردە سه‌ر بنكه‌یەکی په‌خشی دەزگاکەمان له(چیای بێخێر) لە نێوان شاری دھۆك و زاخۆ، بەھۆیەوە زیانێکی زۆری ماددی به‌ر باڵه‌خانه و ئامێرەکانی بنكه‌کە گەیشت و بووە ھۆی وەستاندنی پەخشی رادیۆی دھۆك و کەناڵی دھۆك تیڤی و رادیۆی زاخۆ و کەناڵی دەلال تیڤی و، چەند رادیۆ و کەناڵێکی دیکە، کە لە رێگه‌ی ئەو بنکەیەوە پەخشی بەرنامە و پڕۆگرامەکانیان بۆ ئەو دەڤەرە دەکەن.
له كاتێكدا ئێمه ئه‌م كرده‌وه ترسنۆکانەیە به‌توندترین شێوه ریسوا و شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ین، رایده‌گه‌یەنین كه به ئامانجگرتنی بنكه‌ی په‌خش و کەناڵە میدیاییەکانی دەزگاکەمان جگه له ترس و تۆقینی په‌كه‌كه له ده‌نگی دلێر و بوێر و راستبێژی راگه‌یاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، مانایه‌كی تر ناگه‌یەنێت.
هه‌وڵی نه‌زۆكی چه‌كدارانی په‌كه‌كه بۆ كپكردنی ده‌نگی حه‌قبێژان و ده‌نگی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی میدیاکار و راگەیاندنەکانی پارتی، بۆ په‌رده پۆشكردنی كارە نایاسایی و داگیركارییه‌كانیانه له هه‌رێمی كوردستان بۆیه ترسنۆكانه په‌لاماری یه‌كێ له بنکه ھەرە پێشکەوتووەکانی په‌خشی ده‌زگای رۆشنبیر و راگه‌یاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌دەن، كه ئه‌م بنكه‌یه جگه له بنكه‌یه‌كی په‌خشی میدیایی، نیشانه‌ی شارستانی و پێشكه‌وتنی هه‌رێمی كوردستانه و، هیچ به‌هانه‌یه‌ك نیه بۆ به‌ئامانجگرتنی.
ھەروەکو ئاشكرایه ئه‌و كرده‌وه ناڕەوایەشیان نیشانه‌ى داڕمان و شكستی بەرنامە و فکری بەسەرچووی ئه‌و تاقمه سه‌رلێشێواوه‌یه، كه په‌نا بۆ هه‌موو كارێكی نامرۆڤانە و نایاسایی ده‌به‌ن بۆ گه‌یشتن به مه‌رامه تاوانكاریی و داگیركارییه‌كانیان.
جارێكی دیکە ئه‌م كرده‌وه‌یە ریسوا و مه‌حكوم ده‌كه‌ین و داواش له چه‌كدارانی په‌كه‌كه ده‌كه‌ین كه ده‌ست له هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵگرن و چیتر نەبنە ھۆکاری ھەڕەشە و نا سەقامگیریی.
ده‌زگاى رۆشنبیری و راگه‌یاندنى
پارتى دیمو‌كراتى كوردستان
24ـی 5ـی 2022