هاوپه‌یمانان: یەکگرتوویی کورد پێشمەرگە بەهێز دەکات

"پەرتەوازەیی و ناکۆکییەکان کورد لاواز دەکات"
هێزی پێشمه‌رگه‌
هێزی پێشمه‌رگه‌

K24- هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ئاشكرای ده‌كات، وەزیری پێشمەرگە و جێگری بەڕێوەبەری راوێژکارانی هاوپەیمانان لەسەر پڕۆسەکانی چاکسازی، مەشق و راهێنان، رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمه‌رگه‌ کۆبوونەوە.

وەزارەتی پێشمەرگەی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌، ئەمڕۆ (سێشه‌ممه‌ 24ـی ئایار/ مایۆی 2022)، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، لەگەڵ کۆڵۆنێڵ لیۆنۆڤیتچ، جێگری بەڕێوەبەری راوێژکارانی هاوپەیمانان لەهەرێمی کوردستان کۆبووه‌وه‌.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ راشیگه‌یاند، لیوا روکن بەختیار محەمەد، عەمید روکن هەژار عومەر، راوێژکارانی باڵای سەربازی له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئامادەبوون، گفتوگۆی چڕو بەرهەمداریان له‌باره‌ی کۆی پڕۆسەکانی چاکسازی، مەشق و راهێنان، رێکخستنەوەی هێزەکان و پڕۆژە پێشنیارکراوەکان كرد.

وەزیری پێشمەرگە، جەختیکردەوە لەسەر هەماهەنگی زیاتر و کارکردن بەئاراستەی رێکخستنەوەی فراوانتری هێزەکانی پێشمەرگە.

کۆڵۆنێڵ لیۆنۆڤیتچ، لەبارەی دروستکردنی هێزێکی یەکگرتووی تۆکمە گوتی: "پەرتەوازەیی و ناکۆکییەکان کورد لاواز دەکات، بە پێچەوانەوە، پێکەوەیی یەکگرتوویی و یەکدەستی کورد، پێشمەرگە بەهێز دەکات".

لایه‌نێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌
لایه‌نێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌