یەکەمین پێشانگای نێودەوڵەتی بیناسازی لە ھەولێر بەڕێوەدەچێت

210 کۆمپانیای بیانی و ناوخۆیی بەشداری دەکەن
یەکەمین پێشانگای نێودەوڵەتی بیناسازی لە ھەولێر
یەکەمین پێشانگای نێودەوڵەتی بیناسازی لە ھەولێر

K24 - هەولێر

بە بەشداری 210 کۆمپانیای بیانی و ناوخۆیی، یەکەمین پێشانگای نێودەوڵەتی بیناسازی لە ھەولێری پایتەخت بۆ خستنه‌ڕووى به‌رهه‌مه‌ پیشه‌سازییه‌كان و هاوکاری پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و بیناسازی و کۆمپانیاکان كرایه‌وه‌، ئامانجی گەورەی پێشانگاکەش ئەوەیە کاری بیناسازی لە ھەرێمی کوردستان باشتربکرێت.

وڵاتی چین، پشکی گەورەی لە پێشانگاکەدا ھەیە و زیاتر لە 40 کۆمپانیای ئەو وڵاتە بەشدارن، چین ئامانجێتی پەرە بە بەرھەمەکانی لە ھەرێمی کوردستان بدات و ھەماھانگی لەگەڵ بازرگانان و بەڵێندەرانی کورد دا دروست بکات.

نی روچی، کونسوڵی گشتی کۆماری چینی میللی بە کوردستان24ی راگەیاند: "خۆشحاڵین کە بەشداریمان لە پێشانگای بیناسازی هەولێر کردووە، چینیش هەماهەنگییەکی بەهێزی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە، بۆ ئەم پێشانگایەش نزیکەی 40 کۆمپانیای چینی بەشدارن و هیوادارین هەماهەنگی زیاتریشمان لە بوارەکانی ئابووری و بازرگانی هەبێت، هەروەها ئاستی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا چینییەکان پتەوتر بکەین".

له‌ پێشانگاى نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر، به‌رهه‌مه‌ پیشه‌سازییه‌كان و نوێترین براندەکانی بیانی تێدا دەخرێتەڕوو.

د. سۆران قادر، سەرۆکی پێشانگای نێودەوڵەتی ھەولێر بە کوردستان24ی گوت: "کۆمپانیا بەشداربووەکانی پێشانگا کۆمپانیای باشن و بە کوالێتی باش بەشداریان کردووە، هەوڵدەدەین ئەو کۆمپانیایانە لق و کارگەکانیان لە هەرێمی کوردستان بکەنەوەو بەرهەمەکانیان بێنە کوردستان، بۆ ئەوەی هەلی کاری زیاتر بڕەخسێنن، کە یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئێمە".

ئەو پێشانگایە ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت، 210 کۆمپانیا بەشداریان تێدا کردووە، 30 کۆمپانیای خۆماڵی و 180 کۆمپانیاى دیكه‌ش، چینی، میسری، ئێرانی و تورکین. کوالێتی کەرەستەکانی بیناسازی و خستنەڕووی بەرهەمە پیشەسازییەکان و هاوکاری پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و بیناسازی کۆمپانیاکان، یەکێکە لە ئامانجەکانی پێشانگاکە.