نه‌رویج بۆ هاووڵاتیانی: سه‌ردانی عێراق مه‌كه‌ن جگه‌ له‌ هه‌ولێر و دهۆك و سلێمانی

"پێش ئەوەی سەردانی هەر شوێنێک بکە، زانیاری تەواوی لەسەر وەرگرن"
ئاڵای عێراق و کوردستان و نەرویج
ئاڵای عێراق و کوردستان و نەرویج

K24 - هەولێر:

وەزارەتی دەرەوەی نەرویج پێشنیار بۆ هاوڵاتیانی دەكات كه گەشت بۆ عێراق نەکەن، جگه له پارێزگاكانی دهۆك و هەولێر و سلێمانی.

لە راپۆرتێكدا کە وێبسایتی "SchengenVisaInfo" بڵاویکردووەتەوە، وەزارەتی دەرەوەی نەرویج باس لەوە دەکات، دۆخی ئەمنی عێراق، بەگشتی جێگیر نییە، هەروەها چەکدارانی (داعش) بوونەتە هەڕەشە بۆ هەندێك پارێزگا.

ئاماژە بەوەش دراوە، وەزارەتی دەرەوەی نەرویج داوای لە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی کردووە، پێش ئەوەی سەردانی هەر وڵات و هەرێمێک بکەن، زانیاری تەواوی لەسەر وەرگرن و هەڵسەنگاندن بۆ شوێنەکە بکەن.

وێبسایتەکە باسی لەوەش کرد، لە ساڵی 2014ـەوە حکوومەتی عێراق بە پاڵپشتی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، دژی داعش جەنگاون تا ساڵی 2017  کە رێکخراوی تیرۆریستی داعش گورزی كوشندەی بەركەوت و تەواوی ناوچەكانی لە عێراق لەدەستدا.