ئەفغانستان.. زنجیرەیەك تەقینەوە گیانلەدەستدانی 16 کەسی لێکەوتەوە

تەقینەوەکان کابول و مەزار شەریفیان هەژاند
کەسوکاری قوربانیان لە دەرەوەی نەخۆشخانەیەك لە مەزار شەریف کۆبوونەوەتەوە، وێنە: AFP
کەسوکاری قوربانیان لە دەرەوەی نەخۆشخانەیەك لە مەزار شەریف کۆبوونەوەتەوە، وێنە: AFP

K24 - هەولێر:

لە ئاکامی زنجیرەیەك تەقینەوە کە لە چەند پاسێکی بچووک و مزگەوتێکدا روویاندا 16 کوژران، هاوکات حکومەتیش دەڵێت هەندێک لە تەقینەوەکان داعش لێی بەرپرسیارن.

لەگەڵ گرتنە دەستی دەسەڵات و کۆنترۆڵکردنی تەواوی ناوچەکانی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە، ژمارەی تەقینەوەکان کەمی کرد، بەڵام لە مانگی رەمەزاندا چەند هێرشێکی کوشندە وڵاتەکەیان هەژاند.

دوێنێ چوار شەممە 26ـی ئایاری 2022، بەرپرسانی ئەمنی لە ویلایەتی بەڵخ رایانگەیاند، لە چەند ناوچەیەکی شاری مەزاری شەریف لە نێو ئەو مینی پاسانەدا کە خەڵکی دەگوازنەوە چەند تەقینەوەیەك روویاندا و لە ئاکامدا 10 کەس بوونە قوربانی.

چەند کاتژمێرێک دوای تەقینەوەکان رێکخراوی تیرۆریستی داعش بەپرسیارێتی تەقینەوەکانی لەئەستۆ گرت.

لەلایەکی دیکەوە، تەقینەوەیەکی دیکە کابولی پایتەختی ئەو وڵاتەی هەژاند و کوژرانی شەش کەس و برینداربوونی 18 کەسی دیکەی لێکەوتەوە.

یەکێک لە بریندارانی زنجیرە تەقینەوەکە لە نەخۆشخانەیەکی مەزار شەریف، وێنە: AFP
یەکێک لە بریندارانی زنجیرە تەقینەوەکە لە نەخۆشخانەیەکی مەزار شەریف، وێنە: AFP