رێبه‌ر ئه‌حمه‌د: دڵخۆشین بە زیادبوونی قەبارەی بازرگانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌ریتانیا

"سەردانه‌كان لە چوارچێوەی فراوانکردن و قوڵکردنەوەی پەیوەندییەکان بوون"
رێبه‌ر ئه‌حمه‌د / وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
رێبه‌ر ئه‌حمه‌د / وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 – هه‌ولێر:

وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌ میانی به‌شداریكردنی له‌ ئاهه‌نگی رۆژی له‌دایكبوونی شاژنی به‌ریتانیا رایگه‌یاند، "دڵخۆشین بە زیادبوونی قەبارەی بازرگانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌ریتانیا".

رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ گوتارێكدا لە ئاهەنگی رۆژی لەدایکبوونی شاژنی بەریتانیا لە هەولێر ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، ساڵی رابردوو بۆ پەیوەندییەكانی (حکومەتی هەرێم و بەریتانیا) ساڵێكی سەرکەوتوو بوو.

وه‌زیری ناوخۆ هه‌روه‌ها گوتی: "خۆشحاڵبووین له‌ حوزەیرانی ساڵی رابردوو  پێشوازیمان لە دۆمێنیک راب، وەزیری پێشووی دەرەوەی بەریتانیا کرد، جیا له‌وه‌ش لە ئەیلوولی ساڵی رابردوو نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانێکی زۆر سەرکەوتووی بۆ لەندەن ئه‌نجامدا، مانگی رابردووش مه‌سرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی لەندەنی کرد و لەلایەن بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیاوە پێشوازییان لێکرا و وێڕای كۆبوونه‌وه‌ لەگەڵ چەندین وەزیر و بەرپرسانی باڵای ئه‌م وڵاته‌".

رێبه‌ر ئه‌حمه‌د گوتیشی: "سەردانه‌كان لە چوارچێوەی فراوانکردن و قوڵکردنەوەی پەیوەندییەکان لە بوارەکانی بازرگانی و وەبەرهێنان بوون".

وه‌زیری ناوخۆ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان دڵخۆشین بە زیادبوونی قەبارەی بازرگانی نێوان له‌نده‌ن و هه‌ولێر، له‌ نێویشیاندا سێکتەری کشتوکاڵ".