سەرۆکی حکومەت لە داڤۆسە و من بیر لە لۆزان دەکەمەوە

Kurd24

دوو مانگی تر نەوەدونۆ ساڵ بەسەر پەیماننامەی لۆزان تێدەپەڕێت، ئەو پەیماننامەیەی خەونێکی دێرینی کوردی لەبار برد و ئەو تروسکاییەی لە دوای جەنگی یەکەمی جیهان بۆ گەیشتن بە بەشێک لە مافەکانی لە ئەنجامی بریسکەی خەباتی خۆی و ئاگری شەڕی جیهانیی هەڵایسابوو، کوژایەوە. ئەمەش بەهۆی نەخەمڵیویی بزاڤەکەی بۆ وەڵامدانەوەی سیاسەتی ئەو رۆژگارەو نادیدە گرتنی لەلایەن هێزو دەسەڵاتە گەورەکانی ئەو سەردەمە کە بەبێ بەشداری خۆی بڕیاریان لە چارەنووسی دا.

لۆزان شارێکی سویسرایەو هەرکات باسی ئەو وڵاتە جوان و ئارامەی دنیا دەکرێت، مێژووی کورد پەیماننامە رەشەکەی لۆزانم بەبیر دەهێنێتەوە، تەنانەت کاتێکیش کە بیر لە چوونی سەرۆکی حکومەتی کوردستان بۆ داڤۆس دەکەمەوە.

چەند رۆژێکە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە داڤۆسە، بۆ بەشداری لەگەڵ نزیک بە 2500 کەسایەتی سیاسی و سەرۆک و کۆمپانیاو سەرمایەدارو کەسایەتیی کاریگەری جیهانی، بۆ بەشداری لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی کە ئەم ساڵ لەژێر ناونیشانی (مێژوو لە خاڵی وەرچەرخاندا) بەڕێوە دەچێت.

کۆڕبەندەکە نیو سەدە لەمەوبەر دامەزراوەو کڵاوس شڤاپ دامەزرێنەری پێیوایە دوای پەنجا ساڵ ئەم جارە لە گونجاوترین و گرنگترین کاتدا بەڕێوەدەچێت.

لەکاتێکدا کە پەتای کۆرۆنا ئابووری جیهانی خستووەتە ژێر بارێکی وا قورس کە هێشتا بەخۆ نەهاتووەتەوە، گەیشتنی بایدن بە کۆشکی سپی لەدوای شکستی دۆناڵد ترەمپ بۆ دووبارە گەیشتنەوەی بە سەرۆکایەتی ئەمریکاو لەناو دوکەڵی شەڕی چەند مانگەی روسیاو ئۆکراینا زەنگی داڕمانی سیستەمی جیهانیی دوای جەنگی دووەمی جیهانی و جەنگی سارد تا دێ بەهێزتر دەبێت.

ئێستا سەرۆکە گەنجەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەشانی سەرۆکی وڵاتانی دنیاو هێزە ئابوورییە کاریگەرەکانی جیهان لەبارەی قەیرانە گەورەکانی دنیا و ئاسۆی چارەسەریان بەزارو زمانی باو قسە دەکاو رۆڵ دەبینێت.

ڕۆڵ تەنها لەسەر ستەیجی گوتارو گەنگەشەی بەردەم کامێرای میدیا زەبەلاحەکان نا بەتەنها، بەڵکو لەپشت پەردەی  کۆڕبەندەوە زۆر رووداوی تر دەگوزەرێن یان دەکرێت بگوزەرێن لە پرسی سیاسەت و وزە تا عەمبار کردنی خۆراک و یاری تۆپی پێ.

سیوسێ ساڵ لەمەوبەر نوێنەری هەردوو کۆریا بۆ یەکەم جار و نیڵسۆن ماندێللا رێبەری ئازادیخواز و فریدیریک دی کلیریک سەرۆکی رژێمی ئاپارتایدی ئەفریقای باشوور لە داڤۆس یەکیان بینی، لەوێ ئەو دەنگانە دەبیسترێن کە بەئاسانی گوێیان لێ ناگیرێت.

زۆر جار باس لە پرسی هەڵوەشانەوەی پەیماننامەی لۆزان دەکرێت دوای تێپەڕبوونی سەدەیەک بەسەر واژۆکردنیداو سەرهەڵدانی گۆڕانکاری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لەکاتێکدا ئەمە لە هیچ کام لە ١٤٣ بەندەکەی ئەو پەیماننامەیەدا نەهاتووە، بەڵام بە تێڕوانینی ورد لە پێگەی کوردو نوێنەرە گەنجەکەی و لۆژیکی مامەڵەو جووڵەو دەربڕینەکانی لەداڤۆس، ئاماژەی رۆژگارێکی نوێ لە ئاسوە دەبینرێت.

کوردیش لەسەر مێزی بڕیار بەدەستان ئامادەیە.