نرخی نه‌وت دابه‌زی

نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی برێنت گەیشتە 113 دۆلار و 90 سەنت
نرخی نه‌وت دابه‌زی
نرخی نه‌وت دابه‌زی

K24 - هه‌ولێر:

لە بازاڕەکانی جیهاندا نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت گەیشتە 113 دۆلار و 90 سەنت. دوێنێش نرخی بەرمیلێك نەوت بۆ 118 دۆلار بەرزبووەوە و رۆژەکەی بە 114 دۆلار و 17 سەنت تەواو کرد.

کاتژمێر 09:17ی بەیانی ئەمڕۆ هەینی (27ی ئایار/ مایۆی 2022)، نرخەکان بە رێژەی سەدا 0،24 دابەزینیان بەخۆوەبینی و نرخی بەرمیلێک نەوت گەیشتە 113 دۆلار و 90 سەنت. لە هەمان کاتدا بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تەکساس بە 113 دۆلار و 80 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

نیگەرانییەکان لە کەمبوونەوەی خستنە بازاڕی نەوت و نزیکبوونەوەی وەرزی گەشتوگوزار لە ئەمه‌ریکا وای کردوە خواست لەسەر نەوت زیاد بکات و ئەمەش رێگرە لە دابەزینی نرخەکان.

هەروەها هەفتەی داهاتوو وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەورووپا، گفتوگۆ لەسەر سەپاندنی شەشەم پاکێجی سزا بەسەر رووسیادا دەکەن، کە وەستاندی هاوردەکردنی نەوت یەکێکە لە بەندەکانی پاکێجەکە، ئەمەش هۆکارێکی دیکەی بە بەرزی مانەوەی نرخەکانە.

لە لایەکی دیکەشەوە بەردەوامی رێوشوێنەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین، کە دووەم گەورە بەکاربەری نەوتە لە جیهاندا، رێگرە لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا.