لە شارۆچکەیەکی تێکساس مامۆستایانی قوتابخانە دەمانچە هەڵدەگرن

K24 - هەولێر:
لە شارۆچکەیەکی بچووکی تێکساس کاتێك دەچیتە قوتابخانەکەیانەوە هێمایەك دەبینیت کە ئاماژە بەوە دەدات مامۆستایان و ستافی قوتابخانەکە چەکیان پێیە.
مەبەست لە هەڵگرتنی چەک لەلایەن مامۆستا و ستافی قوتابخانەوە لە شارۆچکەی یوتۆپیا، رێگریکردنە لە رووداوی کۆمەڵکوژی هەڕەمەکی هاوشێوەی ئەو رووداوەی لە باشووری رۆژئاوای تێکساس روویدا، کە چەکدارێکی تەمەن 18 ساڵ لە قوتابخانەیەکی سەرەتایی 19 قوتابی و دوو مامۆستای کوشت، دواتر تاوانبارەکە لەکاتی رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ پۆلسیدا، کوژرا.

ویلایەتی تێکساس کە نزیکایەتی زۆری لەگەڵ چەکدا هەیە، لە ساڵی 2013ـەوە دەستی کرد بە رێگەدان بە مامۆستایان و کارمەندانی قوتابخانەکان دەمانچە هەڵبگرن و دەیان قوتابخانە ئەو رێکارەیان گرتووەتە بەر.
مایکل دێری، بەڕێوەبەری قوتابخانەی سەرەتایی یوتۆپیا لەو بارەیەوە گوتی: "هیچ رێگەیەك نییە تا لە سەدا سەد ئەو شتە بنەبڕ بکەین، بەڵام بە بڕوای من ئەمە رێگریەکی گەورەیە کاتێک دەزانیت کەسانێک لەناو قوتابخانەکە چەکیان پێیە و لەپێناو پاراستنی منداڵەکان هەموو شتێك دەکەن".