به‌غدای پایته‌خت ماسته‌رپلانی نوێی نییه‌

سەرۆك وەزیرانی عێراق هۆکاری دواکەوتوویی پایتەختی وڵاتەکەی بۆ زۆربوونی گەنده‌ڵیی بەرپرسان دەگەڕێنێتەوە

K24 - هه‌ولێر:

تا دێت رێژەی نیشتەجێبوون له بەغدا فراوانتر دەبێت، کەچی لەگەڵ ئەو گەشەکردنە تا ئێستا بەغدا ماستەرپلانێکی نوێی روونی نییە و زۆربەی هاووڵاتییان لە خانووە زیادەڕەوەکاندا دەژین، ئەمەش وایکردووە کەمترین خزمەتگوزاری بە هاووڵاتیان بگات، سەرۆک وەزیرانی عێراقیش هۆکاری دواکەوتوویی پایتەختی وڵاتەکەی بۆ زۆربوونی گەنده‌ڵیی بەرپرسان دەگەڕێنێتەوە.

دایکی یوسف، خاوەنی سێ منداڵ و مێردێکی نەخۆشە، لە ناو خانوویەکی زیادەڕەو دەژین، کە پەنجا مەترە، ئەم شوێنە بچوکە تەنیا ماڵێك نییە، بەڵکو دوکانێکشی تێدایە بۆ دابینکردنی بژێوی خانەوادەکەی، ئەو ژنە بە گریانەوە باسی ژیانی کولەمەرگی خۆی دەکات و ئێستا خەمی ئەوەشی لێنیشتووە، کە حکومەت بە نیازە گەڕەکەکەیان بڕوخێنێت.

دایکی یوسف گوتی: ئەمە حاڵ نییە ئێمەی تێدایە، لێرە هیچ خزمەتگوزارییەك نییە و حکومەتیش لێمان ناپرسێتەوە و شارەوانی ئاوڕناداتەوە، هەموو رۆژێك دەڵێن گەڕەکەکە و ماڵەکانتان دەڕوخێنین، ئاخر ئێمە بۆ کوێ بڕۆین، ئەو هەموو خێزانە چیبکەین، خۆی پەنجا مەترە پێی رازین و مێردەکەشم نەخۆشە، ماڵەکەمی تێدایە و دوکانێکم تێدا کردووەتەوە، بۆ بژێوی منداڵەکانم تاکو دەست لە کەس پان نەکینەوە.

ئەم گەڕەکە دەکەوێتە ناوچەی حوڕیەی بەغدا، نزیکەی 200 ماڵی هەژاری تێدا نشتەجێیە  و هیچ کام له خانووەکانی ناگاتە 50 مەتر و لە ئەگەری رووخانی ماڵەکانیان داوای قەرەبوو دەکەن، بەڕێوبەری فەرمانگەی راوێژکاری ئەندازیاری دەڵێت، بەردەوام ماستەرپلان بۆ رێکخستنەوەی نشتەجێبوون و هاتووچۆی بەغدا دەخەینەڕوو، کەچی ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەندازیار "حەسەن منده‌ب"، بەڕێوەبەری سەنتەری نیشتمانی بۆ  راوێژی ئەندازیاری روونیكرده‌وه‌، ئەم شارە پێویستی بە پڕۆژەی خزمەگوزاری زۆر گەورە و ستراتیژی هەیە، بەغدا کۆمەڵێك گرفتی هەیە، شەقامەکانی تەنگە و قەرەباڵەغە، چەندین لێکۆڵینەوەمان کردووە و پێشکەشی ئەمیندارێتی ئەنجوومەنی وەزیرانمان کردووە، بەڵام ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەتایبەت پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان چارەسەر دەکەین، ئێمە دیزاین و پێداویستییەکانمان خستووەتەڕوو، کە هەلێکی باشە بەغدا پێش دەخات، هەر خۆشمان سەرپەرشتی دەکەین و سوود بە هەموو شوێنەکان دەگەیەنین.

لەسەردانیەکدا بۆ ئەمیندارێتی بەغدا، موستەفا کازمی بە بەرپەرسانی حکومڕانی خۆجێی بەغدا راگه‌یاندبوو، ئێوە پلانەکانتان گەندەڵکارانەیە و ناتوانن نافورەی ناو فەمانگەکانی خۆتان چاک بکەن، چۆن دەتوانن دەستان بگاتە شوێنە دوورە دەستەکانی بەغدا، ئەم گوتانە کاردانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا و داوای لێپێچینەوە لە بەرپرسانی گەندڵ دەکرێت.