لە سلێمانی کەسێک بەهۆی هەڕەشەکردن لە کچان دەستگیرکرا

هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی کچانی کردبوو
تۆمەتبار
تۆمەتبار

K24 - سلێمانی

هێزەکانی پۆلیس لە سلێمانی، تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد کە ھەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی لە چەند کچێک کردبوو.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند: "دوای ئەوەی کچێک لە بنکەی پۆلیسی ئەزمەڕ سکاڵای یاسایی لەسەر کوڕێک تۆمارکرد، کە ھەڕەشەی لێکردووە بە بڵاوکردنەوەی چەند وێنە و گرتەیەکی ڤیدیۆیی، دەستبەجێ ھێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەکانیان بۆ دۆزینەوەو دەستگیرکردنی تۆمەتبار دەستپێکرد. پاش وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا تۆمەتبار (ھ، م، ق) لە دایکبووی 1987 لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی ئەزمەڕەوە بدۆزرێتەوەو دەستگیربکرێت".

لە راگەیەندراوی پۆلیسی سلێمانی ئاماژە بەوەشکراوە: "دوای لێکۆڵینەوەکان و لەکاتی پشکنینی موبایلەکەیدا، دەرکەوت کە تۆمەتباری ناوبراو، سوکایەتی و ھەڕەشەی لە چەندین کچی تریش کردووە".

پۆلیسی سلێمانی راشیگەیاند: "تۆمەتبار لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا دانی بە تاوانەکەیدا ناوەو ئێستا بە بڕیاری دادوەر راگیراوەو لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە".