نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ئاماری په‌نابه‌ران بڵاوده‌كاته‌وه‌

له‌ هه‌ر خووله‌كێكدا له‌ جیهان 24 كه‌س ئاواره‌ ده‌بن
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/ccac8172-b697-4235-a79a-a3737cfd23f7/Amari%20Awara%20u%20Panbaran.ism/manifest

K24 - هه‌ولێر:

رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێ، بەھۆی شەڕ و کوشتارەکانی وڵاتانی عێراق، سووریا و ئەفغانستان ژمارەی ئاوارە و پەنابەر لە سەرانسەری جیھاندا بۆ زیاتر لە 65 ملیۆن کەس بەرزبووەتەوە کە ئەمەش بەرزترین ئاستە لەمێژووی جیھاندا.

فلیپۆ گراندی، بەرپرسی کۆمسیۆنی باڵای کاروباری ئاوارە و پەنابەران لە نەتەوەیەکگرتووەکان کە بە (UNHCR) ناسراوە، بەبۆنەی رۆژی جیھانی ئاوارەوە ئاشکرای کرد بەھۆی داگیرکردنی ناوچەیەکی زۆر لەلایەن داعشەوە لەساڵی 2014 لە عێراق و سووریا، ئاستی ئاوارە و پەنابەران لە جیھاندا بەرێژەی لەسەدا 50 لەماوەی ئەو دوو ساڵەدا زیادیکردووە.

فلیپۆ گراندی، بەرپرسی کۆمسیۆنی باڵای کاروباری پەنابەران لە نەتەوەیەکگرتووەکان, گوتی: "بەداخەوە، رێژەی ئاوارە بەبەراوورد لەگەڵ ساڵی رابردوو بەرێژەی لەسەدا 10 زیادیکردووە کە ئێستا ژمارەی ئاوارە لەسەرانسەری جیھاندا زیاتر لە 65 ملیۆنە و سێ چارەگی ئەو ژمارەیەش ئاوارەی ناوخۆیین و لەسەدا 90یش خەڵکی وڵاتانی ھەژارن یانیش خەڵکی ئەو وڵاتانەن کە شەڕ و کوشتاری تێدایە و زیاتر لە نیوەی ئەو ژمارەیەش منداڵن، کە ئەمەش ھەموو ژمارەی مەترسیدارن و پێویستە بەزووترین کات کاریان لەسەر بکەین".

ھەروەھا رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاشکرایان کردووە لەماوەی 18 مانگی رابردوودا، زیاتر لە ملیۆن و نیوێک ئاوارە روویان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە و ئەمەش کێشە و ئاڵۆزی لە وڵاتانی ئەوروپا دروست کردووە.

گراندی هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "ئەو ئامارە نوێیەی ئێستا بڵاومانکردەوە، ئاماژەیەکە بەو ەی رەوشەکە زۆر خراپ بووە و ژمارەی ئاوارە و پەنابەرانی جیھان بەرێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و بەگوێرەی ئەو ئامارە نوێیە، بۆ ھەر خوولەکێک 24 کەس لە جیھاندا ئاوارە دەبن".

نەتەوەیەکگرتووەکان ھۆشداری دەدەن کە بۆ ھەر 113 کەس لەسەر گۆی زەوی یەکێك لەوان ئاوارەیە لە نێو وڵاتی خۆی یانیش ئاوارەی وڵاتێکی دیکە بووە.