بیڵ گەیتس ملیۆنان دۆلاری بۆ دژایەتیکردنی مەسک تەرخان کردووە

پێکدادانی دوو گەورەترین ئیمپراتۆریەتی تەکنەلۆجیا
ئێلۆن مەسک و بیڵ گەیتس
ئێلۆن مەسک و بیڵ گەیتس

K24 - هەولێر:

بە گوێرەی هەواڵی چەند میدیایەك، هاو-دامەزرێنەری مایکرۆسۆفت، بیڵ گەیتس بۆ تێکدانی پلانەکانی ئێلۆن مەسك، ملیۆنان دۆلاری تەرخان کردووە.

وێبسایتی "بزنس-ستاندارد" بڵاویکردەوە، سەرەتای ئەم مانگە نزیکەی 26 رێکخراوی ناحکومی نامەیەکی واژووکراویان دایە دەست تیمی بازاڕگەری تویتەر و داوایان لێکردن، بایکۆتی پلاتفۆڕمەکە بکەن ئەگەر مەسک گۆڕانکاری لە ناوەڕۆکی بابەتە بڵاوکراوەکاندا بکات.

وێبسایتی "بریتبارت نیوز" کە سەربە راستڕەوە توندڕەوەکانە، بانگەشەی ئەوەی کرد، سەدان ملیۆن دۆلار لە دامەزراوەی گەیتسەوە بۆ 11 لە کۆی ئەو 26 ڕێکخراوە تەرخان کراوە کە مانگی ڕابردوو نامەیەکی کراوەیان واژوو کرد و داوایان لە تیمی بازاڕگەری تویتەر کرد بایکۆتی کۆمپانیاکە بکەن ئەگەر ئیلۆن مەسک لەسەر پلاتفۆرمەکە گۆڕانکاری لە ئازادی رادەربڕیندا بکات".

لە وەڵامی ئەم بانگەشانەدا ئێلۆن مەسک بۆ یەکێک لە فۆڵۆوەرەکانی نووسیووە، "ئەوەت پێ خراپە، چاوەڕێکە تا دەزانی چی کردووەتە ڤاکسینەکەتەوە".

بە گوێرەی راپۆرتێکی شیکاری و وردبینی دامەزراوەی ئازادی ئۆنلاین (FFO)، دامەزراوەی گەیتس بەکۆی گشتی 457 ملیۆن دۆلاری بۆ ئەو رێکخراوانە تەرخان کردووە.

لە نامە کراوەکەی 26 رێکخراوەکەدا هاتووە، "دەستبەسەرداگرتنی تویتەر لەلایەن ئیلۆن مەسکەوە زیاتر ئیکۆسیستەمی زانیارییەکانمان ژەهراوی دەکات و دەبێتە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر سەلامەتی گشتی، بە تایبەت لەنێو ئەو کەسانەی کە لە ئێستاوە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە و پەراوێزخراون".

دواتر ئاشکرا بوو کە بەشێک لەو گرووپانە پەیوەندیان هەیە لەگەڵ ملیاردێر، جۆرج سۆرۆس و سەرۆکەکانی پێشووی ئەمریکا بیل کلینتۆن و باراک ئۆباما.

ئێلۆن مەسک، دامەزرێنەر و خاوەنی هەردوو کۆمپانیای سپەیس ئێکس و تێسلا مانگی رابردوو رایگەیاند، بە بەهای 44 ملیار دۆلار تویتەر دەکڕێت و ئەمەش لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پلاتفۆڕمە جیهانیەکاندا هەرایەکی گەورەی نایەوە.