وەزیری بازرگانی: بڕێک پارە تایبەت بە جوتیاران هاتووەتە سەر هەژماری وەزارەت

وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لە سایلۆی هەولێر دەستیپێکرد

K24 - هەولێر:

کەمال موسلیم سەعید قەرەنی، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە 28ـی ئایار یەکەم رۆژی وەرگرتنی گەنمە لە پارێزگای هەولێر.

وەزیری بازرگانی و پیشەسازی لەبارەی وەرگرتنی جووتیارانەوە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا باسی لەوە کرد، "پێشتر رامانگەیاندبوو لە 25ـی مانگەوە دەستدەکەین بە وەرگرتنی گەنم، بەڵام بەهۆی ئەوەی دەست بە دروێنە نەکرابوو، ئەمڕۆ یەکەم رۆژی گەنمە لە شاری هەولێر."

ناوبراو گوتیشی: "ئەو بارهەڵگرانەی ئەمڕۆ گەنمیان هێناوە بۆ سایلۆ، بە چەند قۆناغێک پشکنین بۆ نموونەی گەنمەکانیان کراوە، خۆشخبەختانە گەنمێکی باش دەرچووە و هیواخوازین گەنمی رۆژانی داهاتووش بەمجۆرە بە پاک و خاوێنی بێنە ناو سایلۆوە".

لەبارەی پارەی جوتیارانەوە، کەمال موسلیم ئاماژەی بەوەدا، "زۆر بە خێرایی پارەی جوتیاران دەدرێت، هاوکات هەر لە ئێستاوە بڕێک پارە هاتووەتە سەر هەژماری وەزارەتی بازرگانی بۆئەوەی بیدەین بەو جوتیارانەی گەنمەکانیان رادەست دەکەن."