خۆی له‌ خوێنی هاوڕێكانی گه‌وزاند و له‌ كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌ی تێكساس رزگاری بوو

رزگاربوویەکی کۆمەڵکوژیەکەی تێکساس چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە
میا سێریلۆ 11 ساڵ، کچە قوتابیەکی رزگاربووی کۆمەڵکوژیەکەی تێکساس
میا سێریلۆ 11 ساڵ، کچە قوتابیەکی رزگاربووی کۆمەڵکوژیەکەی تێکساس

K24 - هەولێر:

کچە قوتابیەکی 11 ساڵان کە لە کۆمەڵکوژیەکەی قوتابخانەی سەرەتایی رۆب لە شاری ئوڤاڵد لە ویلایەتی تێکساس رزگاربوو، رووداوەکانی ئەو رۆژە بۆ CNN باس دەکات و دەڵێت، بەمەبەستی خۆرزگارکردن خوێنێ هاوڕێکانم لەخۆمدا و خۆم کردە مردوو.

میا سێریلۆ (11 ساڵ) لەو پۆلەی قوتابخانەکەدا بووە کە کۆمەڵکوژیەکەی تێدا ئەنجامدرا، لەو رووداوە تراژیدیەدا 19 لە هاوپۆلەکانی و دوو مامۆستای کوژران.

سالڤادۆر ڕامۆس، تەمەن 18 ساڵ، ئەنجامدەری کۆمەڵکوژیەکە
سالڤادۆر ڕامۆس، تەمەن 18 ساڵ، ئەنجامدەری کۆمەڵکوژیەکە

میا گوتی: "لەگەڵ هاوپۆلەکانمان تەماشای فیلمی (Lilo & Stitch)ـمان دەکرد و دوو مامۆستامان لەو کاتەدا سەرپەرشتی پۆلەکەیان دەکرد، کاتێك وانەکەمان تەواو بوو، هەردوو مامۆستەکەمان لەبوونی تەقەکەرێك لەناو بیناکەیا ئاگادارکرانەوە، یەکێکیان چوو دەرگای پۆلەکە قفڵ بدات، بەڵام تەقەکەرەکە پێش ئەو گەیشتە بەردەم پۆلەکە دەستی بە تەقەکردن کرد.

سالڤادۆر ڕامۆس، تەمەن 18 ساڵ، ئەنجامدەری کۆمەڵکوژیەکە
دیمەنێکی رۆژی کۆمەڵکوژیەکە 

ئەو کچە قوتابیە بەمجۆرە رووداوەکەی گێڕایەوە، "هەموو شتەکان زۆر بە خێرایی روویاندەدا، مامۆستاکەمان گەڕایەوە ناو پۆلەکە و تەقەکەرەکە بەدوایدا هات، ئەو پێش ئەوەی تەقە لە مامۆستاکەمان بکات، سەیری ناوچاوی کرد و پێی وت شەو شاد".

تەقەکەرەکە لەگەڵ کوشتنی یەکەم مامۆستا تەقەی لەوی دیکە و قوتابیەکان کرد و زۆرێك لە هاوپۆلەکانی میا کوژران، هاوکات لەو تەقەکردنە هەڕەمەکیەدا دوو فیشەك تیغی شان و سەری میا دەکەن و زامداری دەکەن، کە دواتر لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرێت.

"دوای ئەو تەقە زۆرەی کە کردی، چەکدارەکە بە دەنگی بەرز موزیکی لێدەدا، موزیکێکی خەمناك، من دەترسام ئەو بگەڕێتەوە پۆلەکە و من و هاوڕێ رزگاربووەکانم بکوژێت، دەستم خستە خوێنی هاوپۆلەکانمەوە و بە دەستم گیانی خۆم خوێناوی کرد و وەک مردوو لە نزیک تەرمی هاوڕێکەمەوە پاڵکەوتم."