عێراق بەهۆی بەبیابانبوون ساڵانە 100 هەزار دۆنم زەوی لەدەستدەدات

وەزارتی کشتوکاڵی عێراق پێشنیاز دەکات سندووقێکی تایبەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی بە بیابانبوون و جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی دروستبکرێت
به‌بیایانبوون له‌ عێراق زیادی كردووه‌
به‌بیایانبوون له‌ عێراق زیادی كردووه‌

K24 - هه‌ولێر:

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق پڕۆژەکانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی بەبیانبوون و بەهێزکردنی تەپۆڵکە لمییەکان خسته‌ڕوو و هۆشداریش لە لێکەوتەکانی کەمبوونەوەی ئاو دەدات.

وەزارەتی کشتوکاڵ پێشنیاز دەکات سندووقێکی تایبەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی بە بیابانبوون و جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی دروستبکرێت، روونیشی کردەوە، ساڵانە عێراق 100 هەزار دۆنم زەوی لە رووبەری کشتوکاڵی لەدەستدەدات.

راویه‌ عه‌زاوی، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی دارستان و بیابانبوون لە وەزارەتی کشتوكاڵ ئاشکرای کرد، کێشەی بیابانبوون و گۆڕانی کەشوهەوا پەیوەستە بە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و کەمبوونی باران بارین، بە جۆرێک هەموو ئەو فاکتەرانە کێشەی ژینگەییان دروستکردووە بە تایبەت لە عێراق، کە پێگە جوگرافییەکەی لەبارە بۆ ئەوەی گۆڕانکاری زیاتری تێدا رووبدات.

ئاماژەی بەوەشدا، کەمبوونەوەی ئاوی رووبارەکان، کە لەلایه‌ن وڵاتانی دراوسێوە بۆ عێراق درێژدەبێتەوە، هۆکاری سەرەکین بۆ خێرابوونی بەبیابانبوون، هۆکارەکەشی بۆ کارانەبوونی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەگەڕێتەوە، تاوەکو وڵاتان پابەندبن بە بەردانەوەی ئاوی پێویست بۆ عێراق.

بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی دارستان و بیابانبوون  روونیكرده‌وه‌، سەرەڕای دۆخی ژینگەیی و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و کەمبوونەوەی باران بارین، بەڵام جووتیاران و باخەوانانیش هاوکار نین و تاوەکو ئێستا رێگە کۆنەکان بەکاردەهێنن. بەمەش ئاوێکی زۆر بەفیڕۆ دەدرێت و نەتوانراوە وەک پێویست سوود لە ئاوەی لە بەردەستە وەربگیرێت.

ئەو بەرپرسە ئاماژە بەوەشدەدات، ئەگەر دۆخەکە لە پارێزگاکانی باشوور بەم شێوەیە بەردەوام بێت؛ ئەوا لە چەند ساڵی داهاتوو قەیرانی گەورە بۆ ئاوی خواردنەوە دروست دەبێت.

عه‌زاوی روونیشیكرده‌وه‌، عێراق پێویسته‌ گۆڕانکاری لە سیاسەتی بەکارهێنانی ئاودێری بکات، ده‌بێت لە چەند ساڵی داهاتوو بۆ کۆکردنەوەی ئاو، بەنداو دروست بکات و چاڵ هەڵبکەنێت، هەروەها بە شێوازی هاوچەرخ کشتوکاڵ بکات، تاوەکو بەکارهێنانی ئاو کەمبکاتەوە.

گوتیشی: بەشێک لە وڵاتانی کەنداو پەنایان بۆ بارانی دەستکرد بردووە، کە لەم تەکنیکەدا لە نەوەدەکان عێراق پێشەنگ بوو، بۆیە پێویستە دووبارە بەکاربهێندرێتەوە، کە لە رێگەیەوە پلەکانی گەرما دادەبەزێت و پشکدار دەبێت لە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوەکان.

باسی له‌وه‌ش كرد، چەند پڕۆژەیەکی بەربڵاو لە عێراق هەن بە تایبەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی بەبیابانبوون و دروسکردنی دارستان و چارەسەرکردنی گۆڕانی کەشوهەوا، کە پڕۆژەیەکی گەورە هەیە بۆ جێگیرکردنی تەپۆڵکە لمییەکان لە پارێزگای زیقار، تاوەکو ئەو تەپۆلکانەی جووڵە دەکەن لەسەر رێگە خێراکان و شوێنە نیشتەجێبووەکان جێگیر بکرێن.

بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی دارستان و بیابانبوون ئاشكرای كرد، تەپۆلکە لمییەکان رووبەریان زۆر فراوانە، بە جۆرێک 4 ملیۆن دۆنم لە تەپۆڵکەکان جووڵە دەکەن، جگە لەو تەپۆلکانەی لە ناوچەکانی سەڵاحەدین و حەمرین جێگیر نین.

ئاشكراشیكرد، نزیکەی 27 ملیۆن دۆنم و دەوروبەری 747 هەزار دۆنم زەوی سەوزیی لەم 10 ساڵی دواییدا بە بیابانبوونە و ساڵانە عێراق 100 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی لەدەستدەدات و دەبێتە بیابان، بەهۆیەوە ساڵ لە دوای ساڵ کاریگەری لەسەر پلانی کشتوکاڵی هەیە.