رۆژئاوا چه‌كی نوێ به ئۆكرانیا ده‌دات
K24- هه‌ولێر:
ئۆلێکسی رێزنیکۆڤ، وەزیری بەرگری ئۆکرانیا رایگەیاند، وڵاته‌كه‌ی دەستی بە وەرگرتنی مووشەکی هارپونی دژە کەشتیی لە دانیمارك و هاویتزەری خۆفێلی لە ئەمریکا كردووه و ئاماژەی بەوەشدا، ئەو چەکانە له بەرەنگاربوونه‌وه‌ی لەشکرکێشی رووسیا توانایه‌كی دیكه به هێزه‌كانی ئۆكرانیا ده‌دات.
بەگوێره‌ی ئاژانسی رۆیتەرز، رێزنیكۆڤ لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی: "مووشەكەكانی هارپون تەنها بەرگری لە كەناراوەكانی وڵاتەكەمان بەهێز ناكات، بەڵكو لەلایەن تیمە مەشقپێكراوەكانی ئۆكرانیاشەوە سوودیان لێوەردەگیرێت".
گوتیشی: "موشه‌كه دژه كه‌شتییه‌كانی هارپون شانبه‌شانی موشه‌كه‌كانی نه‌پتونی ئۆكرانی بۆ به‌رگریكردن له كه‌ناراوه‌كانی ئه‌م وڵاته به‌كارده‌هێنرێن، له‌وانه به‌نده‌ری ئۆدێسا له باشووری وڵات".
دوای ئەوەی لە 24ی شوباتی ئه‌مساڵ رووسیا له‌شكركێشییه‌كه‌ی بۆ سه‌ر ئۆكرانیا ده‌ستپێكرد، گەمارۆی دەریایی له‌سه‌ر بەندەرەکانی ئۆکرانیا سەپاند، ئەمەش رێگریی لە هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئه‌و وڵاته بۆ بازاڕه‌كانی ده‌ره‌وه کرد.
هەروەها رووسیا كه‌شتییه‌كانی له دەریای رەش بۆ ئه‌نجامدانی هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئۆکرانیا بەکارهێنا و لەو کاتەشه‌وە رۆژئاوا دەستی به پێشكه‌شكردنی هاوكاریی سه‌ربازی به كیێڤ كردووه.
رێزنیکۆڤ ئاماژەی بەوەشکرد، وه‌رگرتنی موشەکی هارپون لە ئەنجامی هه‌وڵی نێوان چەند وڵاتێکەوە بووه و به‌ریتانیاش رۆڵێكی گرنگی هه‌بووه له پێدانی ئه‌و مووشه‌كانه له‌لایه‌ن دانیماركه‌وه بۆ ئۆكرانیا.
رۆژی دووشەممە لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمه‌ریکا گوتی: دانیمارك مووشەکی هارپون و سه‌كۆی هه‌ڵدانی ئه‌و مووشه‌كانه بۆ بۆکرانیا دابین دەکات.
پێشتریش بەرپرسان و دیپلۆماتكارانی ئەمەریكا بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندبوو، واشنتۆن بیر لە دابینكردنی سیستمێكی مووشەكی دەكاتەوە بۆ كیێڤ، كە دەتوانێت بۆ مەودای سەدان كیلۆمەتر هه‌ڵبدرێت، لەگەڵ كیێڤ گفتوگۆ له‌باره‌ی مه‌ترسییه‌كانی ئه‌گه‌ری بۆردومانكردنی شوێنەكانی قووڵایی رووسیا ده‌كات.
مانگی رابردوو، بەرپرسێكی باڵای سەربازیی ئەمریكا رایگەیاند، "سوپای ئەمه‌ریكا دەستی بە مەشقدان و راهێنانپێكردنی ژمارەیەكی كەمی هێزەكانی ئۆكرانیا له‌سه‌ر به‌كارهێنانی مووشه‌كی هاویتزەر كردووه و مەشقەكان لە دەرەوەی ئۆكرانیا بەڕێوەدەچێت".
لای خۆیەوە رێزنیكۆڤ رایگەیاند، ئۆكرانیا كۆمەڵێك تۆپی قورسیشی وەرگرتووە، لەنێویاندا هاویتزەری خۆفڕۆكەی ئەمه‌ریكی دەستكاریكراوی M109، كە رێگە بە سوپای ئۆكرانیا دەدات، لە مه‌ودایه‌كی زۆر دووره‌وه ئامانجەكانی بپێكێت.
ئۆکرانیا دەڵێت دەیەوێت موشەكی M270ی دروستكراوی ئه‌مه‌ریكا بەدەستبهێنێت و بۆ بەرپەرچدانەوەی هێزەکانی رووسیا لە رۆژهەڵاتی وڵاته‌كه‌ی به‌كاربهێنێت.
سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا هۆشداری ئه‌وه‌ی داوەتە رۆژئاوا، پێدانی ئه‌و چه‌كانه‌ی توانای لێدانی خاکی رووسیایان هه‌یه به ئۆكرانیا، "هەنگاوێکی جددی دەبێت بەرەو گرژتربوونی دۆخه‌كه".
H.B