"په‌كه‌كه‌ حه‌ز ناكه‌ن هێزه‌ كوردستانییه‌كان یه‌ك ده‌نگ و ره‌نگ بن"

"هه‌ر كاتێك لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌یه‌كتر نزیك ببنه‌وه‌ په‌كه‌كه‌ گرفت دروست ده‌كات"

K24- هه‌ولێر:

گیچه‌ڵكارییه‌كانی په‌كه‌كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان تا دێت فراوان ده‌بێت، دواین هێرشیان بۆ سه‌ر ژماره‌یه‌ك منداڵ و خه‌ڵكی سڤیل بوو، جیا له‌وه‌ش هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر هاووڵاتیان و هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، گونده‌كانیش خه‌ریكن به‌هۆی هێرشه‌كانی په‌كه‌كه‌وه‌ چۆڵ ده‌كرێن، راوێژكارێكی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌مباره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند، "زۆرجار گفتوگۆ له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌ ئه‌نجامدراوه‌، به‌ڵام بێ سووده‌ و دووباره‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر كاره‌كانی پێشوویان".

عارف روشدی، راوێژكاری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ ژووری هه‌واڵی كوردستان24ـی راگه‌یاند، ئه‌گه‌ر بۆ مێژووی په‌كه‌كه‌ و قۆناغه‌كانی دروستبوونی تا ئه‌مڕۆ بگه‌ڕێینه‌وه‌، حه‌قیقه‌تی ئه‌م هێزه‌ ده‌رده‌كه‌وێت".

ئه‌م راوێژكاره‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی راشیگه‌یاند، "په‌كه‌كه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئێران، توركیاو سووریا و عێراقدا هه‌یه‌،  ئه‌گه‌ر ئه‌وان خۆیان به‌ بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد داده‌نێن، خۆ ئه‌م وڵاتانه‌ بوون كوردستانیان دابه‌شكرد، پرسیار ئه‌وه‌یه‌ بۆچی له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌ ته‌بان، ته‌نیا له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ناته‌بان".

عارف روشدی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، وڵاتانی ناوچه‌یی پاڵپشتی په‌كه‌كه‌ ده‌كه‌ن، بۆ نموونه‌ رووبه‌ری كوردستانی باكوور سێهێنده‌ی كوردستانی باشووره‌، بۆچی ئه‌وان ناچن له‌وێ خه‌باتی خۆیان بكه‌ن.

عارف روشدی گوتی: "هه‌ر كاتێك لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌یه‌كتر نزیك ببنه‌وه‌، گه‌شه‌سه‌ندن هه‌بێت، په‌كه‌كه‌ گرفتی زیاتر دروست ده‌كات".

هه‌روه‌ها گوتیشی: "په‌كه‌كه‌ حه‌ز ناكات هێزه‌ كوردستانییه‌كان له‌یه‌كتری نزیك بن و یه‌ك ده‌نگ و ره‌نگ بن".