گوتەبێژی یەکێتی: برینەکانی یەکترمان کولاندەوە

پارتی و یەکێتی ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەیەکی دیکە دەکەن

K24 – سلێمانی

دوای كۆبونەوەی هەفتەی رابردوویان، ئێستا پارتی و یەكێتی ئامادەكاری دەكەن بۆ ئەوەی جارێكی دیكە كۆببنەوە، گوتەبێژی فەرمی یەكیتیش دەڵێت: بڕیاردراوە لە رێگەی زنجیرەیەك كۆبوونەوە چی لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان بێت بڕیاری  لێبدەن.

پاش ماوەیەك لە ئاڵۆزی و ئاریشەكانی نێوانیان، هەفتەی رابردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی لە هەولێر کۆبوونەوەو توانیان تاڕادەیەک پەیوەندییەکان ئاسایی بکەنەوە. ئێستا ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەیەکی دیکە دەکەن.

 بەگوێرەی زانیارییەكانی کوردستان24، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆببێتەوەو ئامادەكاری بۆ ئەو كۆبوونەوەیە بكات.

سۆران جەمال تاهیر، گوتەبێژی یەكێتی بە کوردستان24ی گوت: "کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی نێوان پارتی و یەکێتی کۆبوونەوەیەکی گرنگ بوو، چونکە لە دوو مانگی رابردوو برینەکانی یەکترمان کولاندەوە، بۆیە لە کۆبوونەوەی ئەمجارە بنەمایەک دانرا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نیوانمان و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت".

گوتیشی: "بڕیاردراوە بە هەردوولامان چی لە بەرژەوەندی میللەتی کوردە ئەوە بکەین".

هەر پەیوەست پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند: "ئاڵۆزبوونی پەیوەندی لەنێوان دوو لایەن کە ئیدارەی ئەم هەرێمەیان بەدەستە هەندێک جار دەبێ و دواتر وەکخۆی چاک دەبێتەوە، پێویست ناکات ناحەزەکانمان گرەوی لەسەر بکەن، لەو کاتەی پێویست بکات ئێمە پێکەوە دادەنیشین".

پارتی دەسپێشخەری كرد، بۆ ئەوەی كۆبوونەوەی رابردوو بكرێت و سەرۆكی هەرێمی کوردستانیش کە هاوکات جێگری سەرۆکی پارتییە، هەفتەی رابردوو لە سلێمانی لەگەڵ لایەنەكان كۆبوەوە، بەرپرسێكی پارتی پێی وایە دیدگای حزبەكەیان ئەوەیە كە پێویستە لەگەڵ یەكێتی لەسەر هێڵە گشتیەكان رێكبكەون.

بەرزان عوسمان، كارگێری لقی چواری پارتی لە سلێمانی بە کوردستان24ی راگەیاند: "پێویستە هێڵە گشتیانە بپارێزین، وەک پەیوەندیمان لەگەڵ بەغدا و پەیوەندییە هەرێمییەکان، هەروەها هێڵی حوکمداری، پارتی و یەکێتی هاوبەشن لە حوکمداری، دەبێ بەرپرسیاریەتی هاوبەش هەڵگرن، دەبێ پێکەوە بنەما جێگیرکراوەکان بپارێزین، بەتایبەتی ئێستا کە پرۆسەی هەڵبژاردن لە ئارادایە دەبێ پێکەوە هەوڵی جیددی بۆ بدەن".

راشیگەیاند: "بەلای پارتییەوە گرنگە پڕۆسەی سیاسی بە بە رێچکەی ئاسایی خۆیدا تێپەڕێت".

لە كۆبوونەوەی هەفتەی رابردوودا پارتی و یەکێتی، جەختیان لە هاوكاری و پاڵپشتی هەردوولا بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان و دامودەزگا شەرعییەكانی و بەردەوامی راگرتنی هەڵمەتی راگەیاندنی دژ بە یەكتر كردەوە، بڕیاریشدرا كۆبوونه‌وه‌ هاوبه‌شه‌كانى هه‌ردوو مه‌كته‌بى سياسيى پارتى و يه‌كێتى وه‌ک پره‌نسيپى كارى پێكه‌وه‌يى به‌رده‌وام بن، هه‌روه‌ها ليژنه‌يه‌كى هاوبه‌شى مه‌كته‌بى سياسيى هه‌ردوولا هەبێت بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى داهاتووى په‌رله‌مانى كوردستان.