كتێب و لێكۆڵینه‌وه‌كانی ئیسماعیل بێشكچیی ده‌خرێنه ناو پرۆگرامی خوێندن‌

ئیسماعیل بێشكچی: كورد نەتەوەیەكی گەورەیە و دەبێت شانازی بەخۆیانەوە بكەن

K24- هه‌ولێر:

بۆ یەكه‌مجار كتێب و لێكۆڵینەوەكانی نووسەر و كۆمەڵناسی تورك و دۆستی كورد، پڕۆفیسۆر ئیسماعیل بێشكچی لە قوتابخانەكاندا دەخوێندرێن، ئەمەش وەك وەفایەك بۆ ئەو ھەوڵ و كارانەی نووسەر بە درێژایی مێژوو لە خزمەت دۆزی رەوای گەلی كوردستان كردوویه‌تی.

پرۆفیسۆر ئیسماعیل بێشكچی ھەموو ژیانی تەرخان کردوە بۆ پشتیوانی لە دۆزی کورد لە تورکیا و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە نازناوی "ساری ھۆجا" بە تورکی لێنراوە، بە مانای "مامۆستا قژ زەردەکە"، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وایكردووه‌ لێكۆڵینه‌وه‌كانی بخرێنه‌‌ ناو پرۆگرامی خوێندنی قوتابخانەکانەکانی کامبرێجی نێودەوڵەتی.

‎مامۆستا قژ زه‌رده‌كه‌، كه‌ لە پای ئەو ھەوڵ و کۆششانەی بۆ نووسینەوەی مێژوو کوردی کردوویه‌تی، مەدالیای بارزانیی پێ به‌خشراوه‌، تایبەت بە کوردستان24 گوتی: دەبێت نەوەی تازەی کورد بزانێت باب و باپیرانیان چیان کردووە تا ئەمڕۆ و دووپاتیكرده‌وه‌، "كورد نەتەوەیەكی گەورەیە و دەبێت شانازی بە خۆیانەوە بكەن، بەسەر چوار دەوڵەتدا دابەشبوون، بەڵام مێژوویەكی پڕ لە سەروەری و داستان و جوامێری و خۆراگرییان ھەیە".   

‎بێشكچی لەسەر وتارەکانی لەسەر کورد رووبه‌ڕووی دادگا كراوه‌ته‌وه‌، یەکەم تێزی لەسەر عەشیرەتێکی کۆچەری کوردی بە ناوی "عەلیکان" پێشکەش بە زانکۆی ئەنقەرە کردووە، 17 ساڵ لە زیندان بووە لەسەر نووسینەکانی، ھەروەھا له‌ دادگا جیاوازه‌كانی توركیا سزای 100 ساڵی زیندانیكردنی بەسەردا سەپێنراوە.

‎لە کۆی 36 بەرھەمی بێشکچی، 32 بەرھەمیان لە تورکیادا قەدەغەکراون و دیارترین كتێبه‌كانی ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ن:

کورتەیەك لە ژیانی ئیسماعیل بێشکچی:

ئیسماعیل بێشکچی لە ناوچەی ئیسکسلیپی لە نزیك پارێزگای کۆرم سەر بە چۆرووم لە ساڵی 1939 لەدایکبووە. نووسەر و کۆمەڵناسێکی بە بەناوبانگی به‌ ره‌گه‌ز تورکە.

ھەموو ژیانی تەرخان کردووە بۆ پشتیوانی دۆزی کورد لە تورکیا و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست.

نازناوی "ساری ھۆجا" بە تورکی لێنراوە، بە مانای "مامۆستا قژ زەردەکە" دێت.

بێشکچی ئەندامی فەخری دامەزراوەی PENـە. له زانکۆی ھونەر و ئەدەبی سەر بە زانکۆی ئەتاتورك لە ئەرزەڕووم، وەك یاریدەدەری پرۆفیسۆر وانەی کۆمەڵناسی گوتووەتەوە.

چەندین جار لەسەر هەڵوێست و وتارەکانی لە بارەی کێشەی کورد دادگایی کراوە.

یه‌کەم تێزی لەسەر هۆزێکی کۆچەری کوردی بە ناوی "عەلیکان" پێشکەش بە زانکۆی ئەنقەرە کردووە.

بەهۆی کتێب و نووسینەکانی، 17 ساڵ لە زیندان بووە و لە دادگاکانی تورکیا سزای زیندانیكردنی 100 ساڵی  بەسەردا سەپێنراوە.

لە زانکۆی بۆغازئیچی ئیستەنبوڵ، لە ساڵی 2013 دکتۆرای فەخریی وه‌رگرتووه.

لە کۆی 36 بەرھەمی بێشکچی، 32 بەرھەمیان لە تورکیا قەدەغە کراون. چەند بەرهەمێکی بێشکچی:

شیکاری کۆبوونەوەکەی رۆژھەڵات، 1967

گۆڕانکاریی کۆمەڵگەی عەشیرەتە کۆچەریە کوردەکانی رۆژھەڵاتی ئەنادۆڵ، 1968

کێشەی پێکھاتەیی و کۆمەڵگەیی رۆژھەڵات، 1969

رۆژھەڵاتی ئەنادۆڵ - بنەما کۆمەڵناسی و ئابوورییە رەگەزییەکانی، 1969 چاپی دووەم

بەشێك له‌ به‌رهه‌مه‌كانی وه‌رگێڕدراونه‌ته‌ سه‌ر زمانی كوردی.

خەڵاتەکانی: پاڵێوراو بۆ خەڵاتی نۆبڵ (1987). مەدالیای بارزانی. دکتۆرای فەخری زانکۆی بۆغازئیچی

 

H.B