پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ کۆچی دوایی تێکۆشەر و خەباتگێڕ گوڵەباغ

سه‌رۆك بارزانی: كۆچكردوو ژیانی خۆی لەپێناو ئازادی و سەرفیرازیی گەلەکەی تەرخان کرد و لەدەستدانی خەسارەتێکی گەورەیە
سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی
سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی

K24- هه‌ولێر:

به‌بۆنه‌ی كۆچی دوایی رەفیق عارف ئەمین ناسراو بە (گوڵەباغ)، پێشمه‌رگه‌ی هه‌ردوو شۆڕشی ئه‌یلوول و گوڵان و هه‌ڵگری مه‌دالیای بارزانی نه‌مر، سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی پرسه‌نامه‌یه‌كی ئاراسته‌ی كه‌سوكار و بنه‌ماڵه‌كه‌ی كرد.

ده‌قی پرسه‌نامه‌ی سه‌رۆك بارزانی بۆ بنه‌ماڵه‌ی كۆچكردوو:  

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

بەداخێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی تێکۆشەر و خەباتگێڕی گەلەکەمان کاك رەفیق عارف ئەمین ناسراو بە (گوڵەباغ)ـمان پێ گەییشت.

هەڤاڵ گوڵەباغ پێشمەرگەی هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و خاوەنی میدالیای بارزانیی نەمر و وەفاداری رێبازی کوردایەتی و کەسایەتییەکی تێکۆشەری ناوچەی کۆیە و کوردستان بوو، ژیانی خۆی لەپێناو ئازادی و سەرفیرازیی گەلەکەی تەرخان کرد و لەدەستدانی خەسارەتێکی گەورەیە.

سەرەخۆشی لە خۆمان و بنەماڵە و کەسوکار و ئاشنایانی گوڵەباغ و هەموو پێشمەرگە و تێکۆشەرانی کوردستان دەکەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم.

لە خودای مەزن داوکارم گیانی خوالێخۆشبوو گوڵەباغ بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەک ببەخشێت.

انا للە و انا الیە راجعون

مسعود بارزانی

29ـی ئایاری 2022

H.B