سەمپۆزیۆمی شاری تەندروست له‌ شاره‌دێی هه‌ریر به‌ڕێوه‌چوو

ئامانج لێی دروستكردنی كەشێكی ئارامە بۆ بنیاتنان و سوودوەرگرتن له‌پێناو به‌رزكردنه‌وه‌ی گیانی هاوكاری و توانای هاووڵاتییان
سه‌مپۆزیۆمی شاری ته‌ندروست له‌ شاره‌دێی هه‌ریر
سه‌مپۆزیۆمی شاری ته‌ندروست له‌ شاره‌دێی هه‌ریر

K24- هه‌ولێر:

لە شارەدێی ھەریری سەربە قه‌زای شەقڵاوە، سەمپۆزیۆمی شاری تەندروست، بە بەشداری دەستەبژێرێك لە كەسانی ئەكادیمی لە بوارە جیاوازەكان بەڕێوەچوو، كە ئامانج لێی دروستكردنی كەشێكی ئارامە بۆ بنیاتنان و سوودوەرگرتن لە پێداویستیی بەردەست، به‌ جۆرێك ھاووڵاتییان بتوانن بە شێوەیەكی كارا ھاوكاری و تواناكانیان بەرزبكەنەوە.

شاری تەندروست وێرای فراوانبوونی فیزیکی، کۆمەڵایەتی و ژینگەيی و سوودوەرگرتن لە پێداویستی بەردەست، کەشێك تێیدا درووست دەکرێت، کە هاوڵاتیان بتوانن هاوکاری و تواناکانی خۆیان بەرز بکەنەوە، شاری تەندروست لە وڵاتانی پێشکەوتوو سەرکەوتنی گەورەی بەدەست هێناوە و هەوڵیش دراوە بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتووش بنیات بنرێت، له‌و باره‌شه‌وه‌ د. هه‌ژار ره‌حیمی، مامۆستای زانكۆ دەڵێت: "مادام شاری تەندروست بۆ هاووڵاتیانە، دەبێت سەرەتاش هەر لە هاووڵاتییەوە دەست پێبکرێت، بۆ ئەوەی هاووڵاتی تەندروست بۆ شاری تەندروست ئامادەبکرێت".

لە شارەدێی ھەریر، بۆ یەكەمجار سەمپۆزیۆمی شاری تەندروست بەڕێوەچوو. کاروان کەریم خان، بەڕێوەبەری شارەدێی هەریرش گوتی: شاری تەندروست هەنگاوی سەرەتایە بۆ بنیاتنان و پێویستی بە کاری جددی و کاتی درێژخایەنە.

بۆ ئەوەی شارێکی تەندروست بنیاد بنرێت، دەبێت چەند پێوەر و تایبەتمەندییەکی تێدابێت: له‌وانه‌ش: کەش و هەوای خاوێن، ژینگەیەکی پاك، ئابووری فرەچەشن، واتا تەنیا پشت بە یەك سەرچاوەی داهات نەبەسترێت، ناوچەکە ئاسایشی پارێزراو بێت، دوور بێت لە مەترسی، لەرووی نەخۆشخانە و قوتابخانەوە کوالێتی باش بێت و دەرفەتی كار بەیەكسانی بۆ ھاووڵاتییان بڕەخسێت و بە شێوەیەكی كارا و دروست یارمەتی یەكتر بدەن.

H.B