بهر له نزیكهی 60 ساڵ لهژێر فشاری بهعس بهرهو نهمسا چوو.. تا ئێستاش دهستبهرداری كوردستان نهبووه

K24- ههولێر:
كەسایەتییەكی كوردی ئەرمەن، بەناوی جەیمس میساك، كە بەھۆی فشارەكانی دەسەڵاتی رژێمی بەعس لە شەستەكانی سەدەی رابردووەوو چووەتە نەمسا، تا ئێستا دەستبەرداری كولتووری كوردەواری نەبووە و ساڵانە دەگەڕێتەوە ھەولێر و ھاوڕێ و كۆڵانەكانی یادگاری منداڵی بەسەر دەكاتەوە و بە گفتوگۆكردن یادی سەردەمی منداڵی و گەنجیەتی دەكاتەوە.
ئەو ھاووڵاتییە نایەوێت دەستبەرداری پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی بێت و دەیەوێت وەك ساڵانی رابردوو پەیوەندییەكان بە بەھێزی بمێننەوە
بەرە و چوونە تەمەن دەڕوات، بەڵام وەك هەموو رۆژێك بەیانی زوو هاتووە بۆ چایەخانەکەی مام خەلیل و یادگارییەكی زۆری لەگەڵ شوێنە مێژووییەکانی ئەم شارە هەیە.
جەیمس لە هەولێر لە دایکبووە و لە پێکهاتەی ئەرمەنیە، بە دیار چا خواردنەوەوە سەیری وێنە کۆنەکانی کەسایەتیەکانی شارەکەی دەکات، رۆژانە بۆ بینینی هاوڕێ و بەسەربردنی کاتەکانی و گفتوگۆکردن و بیرهاتنەوە و باسکردنی یادگارییەکانیان بە خەندەوە دێتە ئەم چایخانەیە، باسی ئەو كاتانە دەکات، کە لە ساڵی 60ـەکانەوە بە هۆی حزبی بەعسەوە چووەتە نەمسا. بەڵام خۆشەویستی خاك و هاوڕێیانی وای لێکردووە ناوە ناوە بگەڕێتەوە بۆ ئێرە و وەك خۆی باس دەکات، لەوێ ئەو ژیان و ئازادیەی نییە.
باوکی جەیمس بهرگدوورێكی بەناوبانگ بووە و ئێستا ئەو نازناوەیان هەڵگرتووە، بەدەم باسکردنی ژیانی خۆی و خانهوادەکەی لە ئەوروپاوە حەزدەکات ئەو شوێنەم نیشان بدات، کە بە منداڵی لێێ ژیاوە و ئێستاش رۆژانە سەردانی دەکات و یادگارییەكی زۆری لەگەڵ هەیە، ئهویش گەڕەكی عارەبانە، کە یەکێکە لە کۆنترین گەڕەکەکانی هەولێر و بەوە ناسراوە، سەرجەم پێکهاتەکان لهو گهڕهكه بەیەکەوە ژیاون.
جەیمس هەموو ماڵی دراوسێکانی لە یاد ماوە و نیشان دەدات و بەیەکەوە ژیانی پێکهاتە و دراوسێکان باس دەکات، کە هەموو یەکماڵ بوونە و بەراوردی دەکات بە سەردەمی ئێستا. بە تامەزرۆییەوە باسی هاوڕێکانی سەردەمی منداڵی دەکات و بە هەناسەیەکی قووڵەوە دەڵێت: " ئەو سەردەمە رۆیشت و هەرگیز وەك پێشتری ناگهڕێتهوه" .
هەرێمی کوردستان نموونەیەکی گەشی بەیەکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێكهاته ئایینی و نەتەوەکانە و حكومەتی ھەرێمی كوردستان بەردەوام پارێزگاری لێكردووە و جەختی لە پابەندبوونی خۆی بە داکۆکیکردن لە مافی گشت پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان و قووڵکردنەوەی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتیانە دەکاتەوە، ئەمەش وایكردووە ھەرێمی كوردستان ببێتە چەترێك بۆ پێكھاتە و ئایینیە جیاوازەكان و ھەمووان بە ئاشتی و ئارامی تێیدا بژین.
H.B