ئه‌ڵمانیا به 100 ملیار یۆرۆ رووبه‌ڕووی رووسیا ده‌بێته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا له‌گه‌ڵ لایه‌نی به‌رهه‌ڵستكاری وڵاته‌كه‌ی رێككه‌وتووه، بڕی 100 ملیار یۆرۆ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی رووسیا ته‌رخان بكات.
حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا و به‌رهه‌ڵستكارانی په‌رله‌مان له‌سه‌ر ئه‌وه رێككه‌وتوون، سندوقێكی تایبه‌ت بۆ كڕینی كه‌لوپه‌له سه‌ربازییه‌كان ته‌رخان بكه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌رلین ده‌یه‌وێت ئامانجی په‌یمانی ناتۆ بهێنێته دی، كه 2%ی داهاتی ناوخۆی وڵاته‌كه‌ی بۆ به‌رگریكردن له وڵات ته‌رخان بكات.
به گوێره‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوان هه‌ردوو حزبی فه‌رمانڕه‌وا و به‌رهه‌ڵستكار، كه دوای دانووستانێكی سه‌خت بڕیاریانداوه، چه‌ند هه‌فته‌یه‌كی دیكه هه‌مواری ده‌ستووری ئه‌نجام بده‌ن.
ئۆلاڤ سولتس، راوێژكاری ئه‌ڵمانی 3 رۆژ دوای هێرشه‌كه‌ی رووسیا بۆ سه‌ر ئۆكرانیا كه له 24ی شوبات/ فێبرایه‌ری رابردوو ده‌ستیپێكرد، بڕیاری دا بڕی 100 ملیار یۆرۆ بۆ دووباره پڕچه‌ككردن و خۆڕێكخستنه‌وه‌ی سوپای ئه‌ڵمانیا ته‌رخان بكات.
هه‌ر له‌سه‌ره‌تای جه‌نگی رووسیا و ئۆكرانیا، راوێژكاری ئه‌ڵمانیا رووبه‌ڕووی ره‌خنه بووه‌وه، كه پشتیوانییه‌كه‌ی بۆ كیێڤ شه‌رمنانه‌یه و نه‌یتوانیوه بڕیارێكی رێك بۆ پڕچه‌ككردنی سوپای ئۆكرانیا بدات، له‌كاتێكدا به‌ربه‌ستی یاسایی له‌به‌رده‌م بووه.
پاره‌داركردنی ئه‌و سندوقه‌ی بۆ پڕچه‌ككردنی سوپای ئه‌ڵمانیا ته‌رخان ده‌كرێت، له رێگه‌ی قه‌رزه‌وه جێبه‌جێ ده‌كرێت، ئه‌وه‌ش پێویستی به یاسای قه‌رز هه‌یه، به‌پێی ده‌ستووری ئه‌ڵمانیاش حكومه‌ت پێویستی به دوو له‌سه‌ر سێی په‌رله‌مان هه‌یه، تا بتوانێت یاساكه تپه‌ڕێنێت، بۆیه په‌نای بۆ لایه‌نی به‌رهه‌ڵستكار بردووه، به‌مه‌ش بودجه‌ی گشتی مه‌ترسی ناكه‌وێته سه‌ر، به‌مجۆره‌ش ئه‌و 100 ملیار یۆرۆیه له ده‌ره‌وه‌ی بودجه‌ی گشتی كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت.
دوای ئه‌و رێككه‌وتنه، سوپای ئه‌ڵمانیا هه‌نگاوێكی گه‌وره ده‌چێته پێشه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له كۆتایی جه‌نگی سارده‌وه ژماره‌ی سوپاكه‌ی له 500 هه‌زاره‌وه بۆ 200 هه‌زار كه‌می كردبوو.
به گوێره‌ی راپۆرتێك له مانگی دیسه‌مبه‌ری رابردووه‌وه بڵاوبووه‌ته‌وه، 30%ی كه‌شتییه جه‌نگییه‌كانی سوپای ئه‌ڵمانیا "به ته‌واوی توانای خۆیان كار ده‌كه‌ن"، له‌كاتێكدا ژماره‌یه‌كی زۆر فڕۆكه‌ی جه‌نگییان په‌كیكه‌وتووه. به‌ڵام جه‌نگی رووسیا و ئۆكرانیا بووه هۆی راچڵه‌كینی سوپای ئه‌ڵمانیا و دووباره خۆرێكخستنه‌وه.