باڵیۆزی پێشووی ئێران لە بەغدا: هەرێمی کوردستان گرنگترین هاوبەشی بازرگانیی ئێرانە

"په‌یوەندی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان دەکرێت بەرەوپێش بچێت، نەوه‌ك ململانێ و رکابەری"
حەسەن داناییفەڕ، باڵیۆزی پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدا
حەسەن داناییفەڕ، باڵیۆزی پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدا

K24 - هه‌ولێر:

حەسەن داناییفەڕ، باڵیۆزی پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدا، لەگەڵ ئاماژەدان بەوەی زۆرترین قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی وڵاتاکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستانە، رایگه‌یاند، دەکرێت ئەو قەبارەیە "بە هاوکاری و ئیرادەی دوولایەنە" زیاتر بکرێت.

ئاژانسی "ئیسنا" راپۆرتێکی لەبارەی بۆچوونەکانی "حەسەن داناییفەڕ" تایبەت بە په‌یوەندی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.

داناییفەڕ لە کۆبوونەوەیەکدا بە ناوونیشانی "ئێران و هەرێمی کوردستانی عێراق، لە ململانێوه‌ بۆ دەرفەت"، کە لە شاری تاران و به‌ هاوکاری ئەنجوومەنی لێکۆڵینەوەی رۆژئاوای ئاسیا بەڕێوەچوو، ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، "بەشێوەی گشتی په‌یوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراقدا لە ئاستێکی باشه‌ و بێگومان دەکرێت باشتریش بێت".

باڵیۆزی پێشووی ئێران لە بەغدا دووپاتی کرده‌وە، "هەرێمی کوردستان دەرفەتێکە بۆ پەرەپێدانی په‌یوەندی نێوان عێراق و ئێران لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراقدا"، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، "دەبێت هەندێك لە کێشەکان چارەسه‌ر بکەین. په‌یوەندی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان دەکرێت بەرەوپێش بچێت، نەوه‌ك ململانێ و رکابەری".

کۆتاییەکانی مانگی شوباتی رابردوو، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، سەردانی پارێزگای ورمێی کرد و لەگەڵ پارێزگار و بەرپرسانی ئەو پارێزگایە کۆبووە. لەو سەردانەدا باس لە پتەوکردنی پێوەندی دوولایەنە کرا و لێکتێگەیشتنێکی ١٤ خاڵی ئیمزا کرد. دوای ماوەیەکی کەم، شاندی ئێرانی بە مەبەستی جێبەجێکردنی خاڵەکانی ناو لێکتێگەیشتنەکە سەردانی هەولێریان کرد.

چەند خاڵێك جێبەجێ کران، بەڵام دوای ململانێیەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەبەرهێنان لە بواری وزەدا، دۆخەکە گۆڕا. کاتێکیش سوپای پاسدارانی ئێران بە ئاشکرا هێرشی مووشەکی سەر هەولێری له‌ئەستۆگرت، هەنگاوەکان بە تەواوی وەستان.

داناییفەڕ بە روون و ئاشکرایی باس کردووە و دەڵێت: "هەرێمی کوردستان گرنگترین هاوبەشی بازرگانیی ئێمەیە". لە کۆبوونەوەکه‌دا روونیكرده‌وه‌، "بە پێی ئامارەکان، زۆرترین په‌یوەندی بازرگانیی ئێران لەگەڵ وڵاتی چینە و عێراقیش لە پلەی دووەم دێت".

روونیشكرده‌وه‌، "ئەگەر نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان لە په‌یوەندیمان لەگەڵ چین لابدەین، دەردەکەێت زۆرترین په‌یوەندی بازرگانیی ئێران لەگەڵ عێراقە، كه‌ 60%ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ له‌گه‌ڵ هەرێمی کوردستانە و 40%یش لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراقە. بۆیه‌ هەرێمی کوردستان گرنگترین هاوبەشی بازرگانیی ئێمەیە".

رەنگە حەسەن داناییفەڕ لەبەر ئەوە ئاماژەی بە "لادانی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان" لە په‌یوەندی بازرگانی نێوان ئێران و چین کردبێت، چونکە ئێستا بە هۆی ئابلۆقەی سەر رووسیاوە لەلایەن ئەمەریکا و رۆژئاواوە، مۆسکۆ بە نرخێکی زۆر کەمتر لە ئێران، نەوت بە وڵاتی چین دەفرۆشێت. ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی نەوت، بایەخی جارانی لە په‌یوەندی نێوان ئێران و چیندا نەمابێت.