قاچاخچییەک خێزانێکی هەولێر لەناو رووبارێک جێدەهێڵێت
چەند ئەندامێکی خێزانەکە ژن و منداڵن
K24 - زاخۆ
خێزانێکی 9 کەسی دانیشتووی هەولێر، لەگەڵ قاچخچییەک بەرەو تورکیا بەڕێدەکەون، لەناو رووباری هیزل کە دەکەوێتە ناوچەی سنووری هەرێمی کوردستان و تورکیا جێیان دەهێڵێت.
ئیسلام یوسف، پەیامنێری کوردستان24 لە زاخۆ رایگەیاند: "دوای 4 کاتژمێر مانەوەی ئەو خێزانە لەناو رووبارەکە لەلایەن هێزەکانی ئاسایش و بەرگری شارستانی زاخۆ رزگار کران".
پەیامنێرمان ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەو خێزانە ویستویانە بە قاچاخ ئاودیوی وڵاتی تورکیا بن، بەڵام قاچاخچی فێڵی لێکردون، چەند ئەندامێکی خێزانەکە ژن و منداڵن".
راشیگەیاند: "باری تەندروستی ئەندامانی خێزانەکە باشە، بەڵام بەهۆی مانەوە لەناو ئاو سەرمایان بووە، دوای رزگارکردنیان لە ناوچەی سنووری گواستراونەتەوە زاخۆ و لە شوێنێکی ئارام دان".