تەرمی ئەو گەنجە دۆزرایەوە كە باوكی خنكاندبووی

K24 - هەولێر
بەرگری شارستانی خەبات رایدەگەیەنێت، بەیانی ئەمڕۆ توانیان تەرمی ئەو گەنجە بدۆزنەوە كە لەلایەن باوكییەوە كوژرابوو دواتر تەرمەكەی خستبووە ناو زێی گەورە.
سەرچاوەیەک لە فەرمانگەی بەرگری شارستانی خەبات بە كوردستان24ی راگەیاند: "دوای چەند رۆژێك لە كوژرانی گەنجێك بە دەستی باوكی و دواتر تەرمەكەی فرێدابووە ناو رووباری زێی گەورەوە، بەیانی ئەمڕۆ لەلایەن تیمەكانی بەرگری شارستانی خەبات توانرا تەرمەكەی بدۆزرێتەوە، دواتر بۆ لێكۆڵینەوە دەبرێتە پزشكی دادی".
لە 26/5/2022، کەسێک لە قەزای خەبات کوڕەکەی خۆی کوشت، رۆژی دواتر هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "دوای لێکۆڵینەوەی تیمەکانی پۆلیس، باوکەکەی بەناوی (س.ص) لە دایکبووی 1969، دانی بە تاوانەکەدا ناوە، کە کوڕەکەی بەناوی (س. س) تەمەن 30 ساڵ، کوشتووە و تەرمەکەی فڕێداوەتە ناو زێی گەورە".
ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەو کوڕەی بە دەستی باوکی کوژراوە خێزاندارە و دوو منداڵیان هەیە".
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر، راشیگەیاند: "بکوژەکە بەپێی ماددەی 405 لە یاسای سزادانی عێراقی بەند کراوە".
ئەوەشی خستەڕوو: "بۆ ئەوە تەرمەکەی فڕێداوە تا تاوانەکە بشارێتەوە، بەڵام بە کەمتر لە 24 کاتژمێر توانیمان تاوانەکە ئاشکرا بکەین و تاوانبار رادەستی دادگا بکەین".
