ئێران : كونسوڵخانه‌ی سعودیه له هه‌ولێر شانه‌ی تیرۆریستی ناردووه بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان
K24 – هه‌ولێر:
ئێران ڕایده‌گه‌یه‌نێت توانیویانه دوو شانه‌ی تیرۆریستی ئاشكرا بكه‌ن و سه‌رجه‌م ئه‌ندامه‌كانیان بكوژن، له‌وباره‌یه‌وه كونسوڵخانه‌ی سعودیه له هه‌ولێر تۆمه‌تبار ده‌كات كه له پشت ناردنی ئه‌و گروپانه‌وه‌یه.
ئاژانسی هه‌واڵی "فارس" له په‌یجی ئینستگرامی تایبه‌تی موحسین ڕه‌زایی ئه‌مینداری كۆڕی گشتی ده‌ستنیشانكردنی به‌رژه‌وه‌ندی نیزامی ئێرانی و فه‌رمانده‌ی پێشووی سوپای پاسدارانی ئێرانی گواستووه‌ته‌وه، كه په‌یامێكی ئاراسته‌ی به‌رپرسانی باڵای سعودیه كردووه و تۆمه‌تباریان ده‌كات و به قسه‌ی ڕه‌زایی" دوو شانه‌ی تیرۆریستی به سه‌ركردایه‌تی كونسوڵخانه‌ی سعودیه له هه‌ولێری پایه‌ختی هه‌رێمی كوردستان، نێردراوون بۆ سنوره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئێرانه‌وه سه‌رجه‌میان كوژراوون.
هه‌رچه‌نده ڕه‌زایی ڕوونی نه‌كردووه‌ته‌وه كه وه‌ك ئه‌و ده‌ڵێت ئه‌و شانه تیرۆریستیانه كێن، به‌ڵام ڕووداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی سنوره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و شه‌ڕ و پێكادانی نێوان هێزه‌كانی سوپای پاسداران و پێشمه‌رگه‌كانی" حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران" له ناوچه‌كانی شنۆ و سه‌رده‌شت،ئاماژه‌یه‌كی ڕوونه كه موحسین ڕه‌زایی مه‌به‌ستی له‌و ڕووداوانه بێ كه له‌م ئه‌م دواییانه‌دا ڕوویانداوه و ژماره‌یه‌كی زۆر پاسداری ئێرانی كوژران و كۆمه‌ڵێك پێشمه‌رگه‌ی (حدكا) ش له‌و شه‌ڕانه‌دا گیانیان له ده‌ست دا بوو.
هه‌ر له‌و بابه‌ته‌دا ڕه‌زایی په‌یامه‌كه‌ی ئاراسته‌ی فه‌رمانڕه‌واكانی شانشینی سعودییه كردووه و نوسیویه‌تی، له‌وكاته‌ی ڕێگاكانی ماڵی خودا له حاجییه ئێرانییه‌كان داده‌خه‌ن و له‌وكاته‌ی به سه‌رۆكایه‌تی كونسوڵخانه‌كه‌تان له هه‌ولێر،شانه‌ی تیرۆریستی ده‌نێرنه سنوره‌كانی كوردستانی ئێران، هه‌موویان ده‌كوژرێن،له‌وكاته‌ی به ئاشكرا پاڵپشتی تیرۆریستان ده‌كه‌ن له فه‌لوجه،فه‌لوجه ڕزگار ده‌كرێت و لوتی ته‌كفیرییه‌كان ده‌شكێت.
ڕه‌زایی له كۆتاییدا بانگێشتی فه‌رمانڕه‌وایانی سعودییه ده‌كات و ده‌نوسێت،وه‌رن سه‌یری شكسته‌كانتان بكه‌ن له یه‌مه‌ن،عێراق و سوریا و ده‌ست له كوشتنی منداڵان و موسوڵمانان هه‌ڵگرن.
ئه‌م په‌یامه‌ی ڕه‌زایی له كاتێكدایه كه ململانێكانی نێوان ئێران و سعودیه به ته‌واوی زه‌ق بووه‌ته‌وه و ته‌نانه‌ت له ئاستی به‌رپرسه باڵاكانی هه‌ر دوو وڵات په‌لاماری یه‌كتری ده‌ده‌ن و له‌باره‌ی ڕووداوه‌كانی ناوچه‌كه‌وه یه‌كتر به تێوه‌گلان له كێشه‌كان تاوانبار ده‌كه‌ن.