لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران دەستبەسەر 2 کیلۆ زێردا گیرا
K24 – هەولێر
هێزەکانی پاسەوانی سنووری لە ناوچە سنوورییەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە دەستیان بەسەر 2 کیلۆ زێردا گرت، کە بە نیازبوون بە قاچاخ ببینە وڵاتی ئێران.
عەقید کاروان خۆشناو، وتەبێژی ناوچەی یەکی پاسەوانی سنوور رایگەیاند: "دوای وەرگرتنی زانیاری ھەواڵگری سەبارەت بە قاچاخ بردنی (2) کیلۆ زێر بۆ دەرەوەی وڵات، بە رێگای نایاسایی لە سنووری ناحیەی تەوێلە بۆ ناو سنووری کۆماری ئیسلامی ئێرانی، بە مەبەستی دەستگیرکردنی و دەست بەسەر داگرتنی زێرەکەش، تیمێکی پسپۆر بە سەرۆکایەتی عەمید کاکە برا رەمەزان، فەرماندەی لیوای سێی فەرماندەیی ناوچەی یەکی پاسەوانی سنوور، لەگەڵ چەند ئەفسەرێك پێکھێندرا".
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە: "دوای دانانی کەمینێک تواندرا کەسەکە دەستگیر بکرێت و دەست بەسەر دوو کیلۆ زێڕەکەش دابگیریت، کە لە ناو ئۆتۆمبێلەکەی حەشاری دابوو، دواتر رادەستی لایەنی پەیوەندیدار کرا".