قوتابیەکی کورد لە زانکۆی هارڤەرد خوێندنی ماستەر تەواو دەکات

K24 - هەولێر:
قوتابیەکی کورد لە رۆژی یەکشەممە 29ـی ئایاری 2022 لە مەراسیمی ئاهەنگی دەرچوونی قوتابیانی هارڤەرد لەنێو 74 نەتەوەدا، وەک تاکە قوتابی کورد بەشداری کردووە.
ئالان ئاکرەیی لە 10ـی ئۆکتۆبەری 2020 خوێندنی ماستەری لە زانکۆی هارڤەرد تەواو کرد و دوێنێ بەشداری ئاهەنگی دەرچوونی قوتابیانی کرد.
پەریخان ئاکرەیی، خوشکە بچووکی ئالان و منداڵی دووەمی خێزانەکەیان، لەبارەی ئالان و چیرۆکی چوونی باوانی بۆ ئەوروپا بۆ کوردستان24ـی دوا و گوتی: تاریق کامیل ئاکرەیی و شیرین عەلی عەبدولعەزیز، باوک و دایکی ئالانن و لە کۆتایی ساڵانی 1960ـەکاندا بە مەبەستی خوێندن لە بەشەکانی دەرمانسازی و ئەندازیاری کارەبایی دەچنە ئەوروپا، لەهەمانکاتدا ئەندامی کۆمەڵەی قوتابیانی کورد بوون لە ئەوروپا.

پەریخان ئاژەی بەوەشدا، ئالان ساڵی 1977 لە ئەڵمانیا لەدایکبووە و لە ساڵی 1996 خوێندنی دواناوەندی لە قوتابخانەی Königswinter بە نمرەی بەرزەوە تەواو کردووە، کە دواتر بەهۆیەوە زەمالەی خوێندنی Professor Rhein Stiftungـی وەرگرت بۆ خوێندنی فیزیای ئەتۆمی لە زانکۆی فریدریش-ویلهێلم لە بۆن، کە بە یەکێک لە باشترین زانکۆکانی ئەڵمانیا دادەنرێت لە بواری زانستە سروشتییەکان.

دوای چەندین ساڵ خوێندن و کارکردن لە زانکۆ، لە 2009 ئالان لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی نەتەوە یەکگرتووەکان وەردەگیرێت و لە دوای 2017 بڕیار دەدات لە هارڤەرد درێژە بە خوێندن بدات و فۆڕمی خوێندن بۆ ماستەر لە بەڕێوەبردن پێشکەش بە زانکۆکە دەکات و دواتر وەردەگیرێت.
.jpg)
ناوبراو سەبارەت بە خوێندنی براکەی گوتی: "لە ساڵی 2020، ئالان بە پلەی نایاب ماستەرەکەی تەواو کرد و لەلایەن ڕاگری زانکۆکەیەوە بڕوانامەی ڕێزلێنانی پێ بەخشرا، هەروەها لە کۆی 74 نەتەوە، لە بەرنامەی خوێندنەکەدا، ئالان تاکە کورد بوو."