میراتگری هۆڵه‌ندا سه‌روه‌ت و سامانی ره‌ت كرده‌وه و وه‌ك گارسۆن كار ده‌كات

K24- هه‌ولێر:
ئیداره‌ی میدایی خانه‌واده‌ی شاهانه‌ی هۆڵه‌ندا بڵاویكرده‌وه، شازاده ئه‌مالیا، ساڵی داهاتوو میراتگری ته‌ختی شاهانه بۆ درێژه‌دان به خوێندن ده‌چێته زانكۆی ئه‌مستردام و له ماوه‌ی ئه‌و ساڵانه‌ی له زانكۆ ده‌خوێنێت، رێز له حه‌ره‌می زانكۆ ده‌گرێت.
ئیداره‌ی میدیایی خانه‌واده‌ی شاهانه‌ی هۆڵه‌ندا ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه، كچی گه‌وره‌ی شا فیلیم ئه‌لێكسانده‌ر، كه به شازاده "ئۆرانج" ناسراوه، له ئه‌یلوول/ سێپته‌مبه‌ری 2022 ده‌ست به خوێندنه‌كه‌ی له بواری سیاسه‌ت و ئابووری ده‌كات و به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك قوتابی له خانه‌یه‌كی تایبه‌تی قوتابیان ده‌بێته كرێنشین.
ده‌سته‌ی ئێزگه‌ی به‌ریتانی (بی بی سی)ـیش له‌و باره‌یه‌وه بڵاویكرده‌وه، دروشمی نیشتمانی "كه‌سێكی ئاسایی به" له هۆڵه‌ندا به ته‌واوی له‌گه‌ڵ ئه‌و بڕیاره‌ی ئه‌مالیای میراتگۆی ته‌ختی شاهانه یه‌كده‌گرێته‌وه.
شازاده ئه‌مالیا، كه پێشتر ماوه ماوه له‌كاتی ده‌وامكردن له ماوه‌ی ساڵانی خوێندنی وه‌ك گارسۆن كاری كردووه، دوای تێپه‌ڕاندنی ته‌مه‌نی 18 ساڵی له ساڵی 2021ـه‌وه ده‌ستی به جێبه‌جێكردنی هه‌ندێك ئه‌ركی شاهانه كردووه.

میراتگری ته‌ختی شاهانه‌ی هۆڵه‌ندا ژیانێكی ساده و ساكار به‌سه‌ر ده‌بات، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ سیمایه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ندیی پێوه دیاربێت، كه له‌وانی دیكه جیابكرێته‌وه و له یه‌كێك له قوتابخانه‌كانی نزیك ماڵه‌كه‌یان له لاهای به‌رده‌وامی به خوێندن داوه و وه‌ك هه‌ر قوتابییه‌كی دیكه‌ی هاوته‌مه‌نی، هه‌میشه به پاسكیل چووه‌ته قوتابخانه و گه‌ڕاوه‌ته ماڵه‌وه.
دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مالیا ته‌مه‌نی ده‌گاته 18 ساڵ، مافی ئه‌وه‌ی ده‌بێت بڕی یه‌ك ملیۆن و 600 هه‌زار یۆرۆ له حكومه‌ت وه‌ربگرێت، بۆ ئه‌وه‌ی خۆی پێ به‌ڕێوه‌ببات و نه‌فه‌قاتی شوێنی مانه‌وه‌ی پێ دابین بكات، به‌ڵام وه‌ك "بی بی سی" ئاماژه‌ی پێدا، ئه‌مالیا وه‌رگرتنی ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی ره‌تكرده‌وه، چونكه به وه‌رگرتنی ئه‌و پاره‌یه ئه‌و هه‌ست به ئاسووده‌یی ناكات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆی گوتوویه‌تی: وا بیر ده‌كاته‌وه، كه هیچ كارێك ناكات بۆ ئه‌وه‌ی شایسته‌ی ئه‌و بڕه پاره‌یه بێت.
"بی بی سی" ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه، شازاده ئه‌مالیا كۆمه‌ڵك تایبه‌تمه‌ندیی وه‌ك خاكیبوون، راشكاوی و ره‌سه‌نایه‌تیی هه‌یه، ئه‌مه‌ش وایكردووه له‌لایه‌ن زۆرترین خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌یه‌وه كه‌سێكی خۆشه‌ویست بێت.
پێشتریش ئه‌و شازاده‌یه گوتبووی: "ئه‌گه‌ر بتوانم له میانه‌ی كاری دیپلۆماسییه‌وه دۆخێكی خراپ به‌لاوه بنێم، ئه‌وكات هه‌ست ده‌كه‌م جیهانم تۆزێك باشتر كردووه، ئه‌مه‌ش ئاسووده‌م ده‌كات"، ئه‌و ده‌ڵێت: من له‌و باوه‌ڕه‌دام، تا ئێستا ئاماده نیم بۆ ئه‌وه‌ی ببم به شاژن و داواش له دایكی ده‌كات، له ئه‌ركی شاژنایه‌تی خۆی به‌رده‌وام ده‌بێت، تا ئه‌و كاته‌ی بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و رۆڵه ئاماده ده‌بێت.

H.B