مێسی: ریال مه‌درید ئه‌م وه‌رزه‌ی لێ تێكداین

لیۆنێل مێسی كاپتنی هه‌ڵبژارده‌ی ئارجێنتینا له چاوپێكه‌وتنی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند ریال مه‌درید باشترین یانه نه‌بوو، كه‌چی بووه پاڵه‌وان، گوتیشی: كه‌ریم بێنزێما شایسته‌ی خه‌ڵاتی باڵۆن دۆری ئه‌م وه‌رزه‌یه.
لیۆنێل مێسی كه ئێستا گه‌ڕاوه‌ته‌وه وڵاته‌كه‌ی و له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی ئارجێنتینا ئاماده‌كاری ده‌كات بۆ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی ئیتاڵیا، لیۆ له زنجیره لێدوانێكدا جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه ئه‌م وه‌رزه ریال مه‌درید خه‌ونی پاریسی تێكدا.
لیۆنێل مێسی له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: ئێمه تیپێكی باشمان هه‌بوو، له ژووری جلگۆڕین هیچ كێشه‌یه‌كمان نه‌بوو، به‌ڵام ریال مه‌درید هه‌موو شتێكی لێ تێكداین، له كاتێكدا ریال مه‌درید ئه‌م وه‌رزه باش نه‌بوو، كه‌چی له هه‌مووانی برده‌وه و بووه پاڵه‌وانی چامپیۆنزلیگ، بۆیه مه‌رج نییه ئه‌وانه‌ی ده‌بنه پاڵه‌وان باشترین یانه بن.
مێسی گوتیشی: ده‌مویست له‌گه‌ڵ پاریس سانجێرمان چامپیۆنزلیگ ببه‌مه‌وه، به‌ڵام ریال مه‌درید له ناكاو گۆڵێكی لێكردین و هه‌موو شتێكی گۆڕی.
مێسی له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه بۆ وه‌رزی داهاتوو گه‌شبینه و ده‌شڵێت: به رووحیه‌تێكی جیاواز له‌گه‌ڵ پاریس سانجێرمان به‌هێزه‌وه ده‌گه‌ڕێینه‌وه.
مێسی له باره‌ی بردنه‌وه‌ی باڵۆن دۆری ئه‌م وه‌رزه، ده‌ڵێت: به‌بێ هیچ گوومانێك كه‌ریم بێنزێما شایسته‌ی خه‌ڵاتی باڵۆن دۆری ئه‌م وه‌رزه‌یه.
لیۆنێل مێسی له به‌رسیڤێكدا رایگه‌یاند كه زه‌حمه‌ته له دوای مۆندیالی 2022ـی قه‌ته‌ر بتوانێت به‌شداریی له هیچ مۆندیالێكی دیكه بكات، گوتیشی: یه‌كه‌مین یاریمان له مۆندیالی قه‌ته‌ر به‌رامبه‌ر سعوودییه قورس ده‌بێت، چونكه یه‌كه‌مین یاریی له قۆناخی كۆمه‌ڵه‌كان هه‌میشه ئاسان نابێت.