گرووپێک بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشە مووشەکییەکانی عەین ئەسەد راگەیاند

جۆری مووشەکەکان ئاشکرا دەکەن
شوێنی هێرشەکە
شوێنی هێرشەکە

K24 - هەولێر

گرووپێکی شیعە بە ناوی "فەسیلی موقاوەمەی نێودەوڵەتی" بەرپرسیارێتی خۆیی لە هێرشە مووشەکییەکانی درەنگانی شەوی رابردوو بۆ سەر بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد راگەیاند.

ئەو گرووپە ئاماژەیداوە، بە شەش مووشەکی جۆری گراد  122ملم هێرشیان کردووەتە سەر سوپای ئەمەریکا.

بەگوتەی خۆیان هێرشەکانیان بەوردی ئامانجەکانی پێکاوە، بەڵام سەرچاوەیەک لە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رایگەیاندووە، ‌هێرشەکان هیچ زیانێکیان نەبووە و لایەنی ئەمنی عێراقیش لێکۆڵینەوە دەکەن.

لەلایەکی دیکە سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای ئەنبار روونیکردووەتەوە، مووشەکەکان لە باشووری شارەدێی پەروانەی پارێزگای ئەنبار، ئاراستەی بنکەی عەین ئەسەد کراون و تەواوی مووشەکەکانیش لە دەرەوەی بنکەکە کەوتوونەتە خوارەوە، بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانیی و ماددیان هەبێت.

هێزەکانی ئەمەریکا لەو بنکەیە جێگیرن و لەماوەی رابردووشدا چەندین جار هێرشی مووشەکی کراوەتەسەریان.