یهكێتی ئهوروپا رێكخراوێكی تیرۆریستی خسته لیستی سزاكانهوه
k24-ههولێر:
لە چوارچێوەی سزاکان بۆ سەر رێکخراوە تیرۆریستییهكانی (داعش و ئەلقاعیدە)، یەکێتیی ئەوروپا چهند رێکخراوێک و دوو کەسی دیکەی خستە لیستی سزاکانەوە.
کۆنسەی یەکێتی ئەوروپا راگهیهندراوێكی بڵاوكردهوه تێیدا هاتووه، رێکخراوی (حوراسەددین) و دوو سەرکردەی دیكهی ئەم رێکخراوە، "فاروق سووری و سامی عرێدی"ـی خسته ناو لیستی سزاکانەوە.
ههروهها كۆنسهی یهكێتی ئهوروپا ئهوهشی راگهیاند، رێکخراوی حوراسەددین ئۆپەراسیۆنی تیرۆری رێکخستووە، جیا لهوهش لە کەمپەکانی سووریا مەشقی تیرۆری بە ئەندامانی کردووە و ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیانی وڵاتانی ئەوروپا چوونەتە ریزیانهوه.
جەخت لەوەش کراوەتەوە، رێکخراوهكه و سەرکردەکانی ھەڕەشەن بۆ سەر یەکێتیی ئەوروپا، سەقامگیریی نێودەوڵەتی و ناوچەیی.
لەگەڵ ئەم بڕیارەدا ژمارەی ئەو کەسانەی یەکێتی ئەوروپا لە چوارچێوەی سزاکانی بۆ سەر داعش و ئەلقاعیدە خستوویهتییه نێو لیستهكهوه بۆ 10 کەس و ژمارەی رێکخراوەکانیش بۆ سێ رێکخراو بەرزبووهتهوه.
سزاکانی یهكێتیی ئهوروپا بریتین له قەدەغەکردنی گەشتکردن و بلۆککردنی ماڵ و سامان دەگرێتەوە، جگە لەوە پاڵپشتیی دارایی ھاووڵاتیانی یەکێتیی ئەوروپا و کۆمپانیاکان لەگەڵ کەس و رێکخراوەکانی لیستەکە قەدەغە دەکات.